ئەمریکا و ئیسرائیل: ترسیان لەپەسەندکردنی یاسای دەرکردنی هێزە بیانیەکان لە عێراق هەیە، کەحەشدی شەعبی کاری بۆ دەکات
دوای ئەوەی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند کاردەکەن بۆئەوەی لە ڕێگای پەرلەمانەوە یاسای دەرکردنی هێزە بیانیەکان دەربکەن، رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی ئاشکرایدەکات، واشنتن و تەلئەڤیڤ ترسیان لەوە هەیە، کوتلە سیاسییەکانی عێراق لەژێر کاریگەرییەکانی ئێران، لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بڕیارێك بۆ چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکەن.
رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، مەترسییەکانی ئیسرائیل لە چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە تاران بنکەکانی دروستکردنی مووشەك بگوازێتهوه ناو خاكی عێراق.
ئاماژهی بهوهش داوه، ئامانجی سەرەکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەمانەوەی هێزەکانیان لە عێراق، بۆ رێگریکردنە لە هەژموونی ئێران بە سەر ئەو وڵاتە و بەستنەوەی بە سووریا و لوبنانهوه.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، ئیسرائیل ترسی لەوە هەیە، ئێران بنکەکانی دروستکردنی مووشەکەکانی بگوازێتەوە عێراق و لەوێوه پەرە بەو مووشەکانە بدات، کە مەوداكەیان بگاتە ناو خاکی ئیسرائیل.
ههروهها مهعاریفی ئیسرائیلی پرسی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق بە پرسێکی مەترسیدار پێناسەکردووە و ئاشکرایکردووە، واشنتن و تەلئەڤیڤ ترسیان هەیە، کە لایەنە سیاسییەکانی عێراق نزیك لە تاران، لەژێر کاریگەرییەکانی ئەو وڵاتە لە پەرلەمان بڕیارێك بۆ دەرچوونی هێزە بیانییەکان پەسند بکەن، لەناویشیاندا هێزەکانی ئەمریکا.
ئهمه لهكاتێكدایه، بزووتنەوەی نوجەبای سهر به حەشدی شەعبی، کە لە ئێرانەوە نزیکە، لە راگەیێندراوێکدا داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات، پەلە لە دەرکردنی یاسایەك بۆ دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە بکات.