پارتی داوای یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80 لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكات

 

دوای ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بەرنامەی چۆنیەتی یەكخستنەوەی هەردوو هێزەكانی 70 و 80 ـی بە هاوكاری ئەمریكا خستە واری جێبەجێكردن, فەرماندەیەكی باڵای هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەڵێت:” پێویستە ئەو هێزانە یەك بگرنەوە.
لیوا بابەكر زێباری، سەرۆك ئەركانی پێشووی سوپای عێراق و فەرماندەی باڵای پێشمەرگە لە بارەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80 ڕاگەیاند، لێژنەكانی تایبەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، لە كارەكانیان بەردەوامن و چەند رۆژی ڕابردوو كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە. جەختیشی كردەوە كە ”هەنگاوی جددی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە دەستی پێ كردووە“.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە باسی لەوە كرد كە دەبێ پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان بگەڕێتەوە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی هێشتا مەترسیی داعش لە عێراقدا ماوە.
بابەكر زێباری لەبارەی دۆخی ناوخۆی هێزەكانی پێشمەرگە، نەیشاردەوە كە دەبێ هەنگاوەكانی درووستكردنی هێزێكی پێشمەرگەی نیشتمانی خێراتر بكرێت و ”ناكرێت یەكەكانی ٧٠ و ٨٠ بە شێوەی ئێستایان بمێننەوە“. بۆیە داوای كرد، لە یەكخستنەوەی هێزەكاندا پەلە بكرێت و ”پێموایە وەزارەتی پێشمەرگە خەریكی ئەو بەرنامەیەن”.
پێشوتریش پەرلەمانتارێكی پارتی رایگەیاندبوو كە هەموو هەولێك دەدەین بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80ـی هێزەكانی پێشمەرگە.

Back to top button