شێخێكی عەرەب لە موسڵ: داعش لە ژێر دەسەڵاتی میلیشیا شیعەكان بە ئازادی دەسوڕێنەوە پێشمەرگە نەگەڕێنەوە ناوچەكەمان مەترسی ئاوارەبوونەوەمان هەیە

 

دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 بە هۆی شكستی سوپای عێراق, خەلكی ناوچەكانی موسڵ و ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكانی دیكە, روو بەرووی ئاوارەی بوونەوە, شێخێكی عەرەب داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكات بۆ ئەو سنورانەی كە لە شەڕی داعش كۆنتڕۆلی كردبوون ئەگەر نەگەڕێنەوە مەترسی ئاوارەبوونیان هەیە.

شێخ موزاحیم ئەلحوێت، گوتەبێژی ئەنجومەنی عەشیرەتە عەرەبییەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەو بارەیەوە رایگدەگەیەنێت، داعش لە مەخموور و هەموو ناوچە كوردستانییەكان بووەتە هۆی مەترسیی بۆ خەڵك بەتایبەت كورد رفاندنی ژمارەیەك هاووڵاتیی كورد لە چیای قەرەچوغ لەلایەن داعشەوە باشترین بەڵگەی دروستبوونەوەی مەترسیی داعشە لەو ناوچانە و بۆ پاراستنی خەڵكەكەی، پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە.

شێخ موزاحیم ئەلحوێت جەختی لەوە كردەوە، كە لەژێر سایەی میلیشیا و هێزە عێراقییەكان چەكدارانی داعش هەست بە پارێزراوی دەكەن بە بەردەوامی لە ژێر دەسەڵاتی ئەوان بە ئازادی دەسوڕێنەوە، بۆیە بەردەوام هاووڵاتییانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكان دەكەنە ئامانج.

ئەو شێخە عەرەبە بەناوی عەشیرەتە عەرەبییەكان داوای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد هەوڵی زیاتر بدات بۆ گێڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ پاراستنی هەموو هاووڵاتییان بە هەموو ئاین و نەتەوەكان لە مەترسییەكانی داعش.

شێخ موزاحیم ئەلحوێت هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر هێزەكانی پێشمەرگە نەگەڕێنەوە ناوچە كوردستانییەكان، ئەوا جارێكی دیكە خەڵكی ئەو ناوچە كوردستانییانە بە عەرەب، كورد و هەموو ئاینەكانەوە ئاوارە دەبنەوە.

Back to top button