پشتیوان سادق: دامەزراندنی مامۆستایان بەپێی بەرنامەی كابینەی نوێ دەبێت

وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دامەزراندنی مامۆستایان بە گوێرەی بەرنامەی كابینەی نوێی حكوومەت دەبێت، دەشڵێ، كەی بودجە تەرخان كرا، كێشەی مامۆستایانی گرێبەست چارەسەر دەكرێت.

د. پشتیوان سادق، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیاكانی راگەیاند، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، بە گوێرەی بەرنامەی كابینەی نوێی حكوومەت دەبێت و بەپێی پێویستییەكان و پسپۆڕییان لە قوتابخانەكاندا دادەمەزرێن، لەبەر قەیرانی داراییش نەتوانراوە دامەزرێن.

سەبارەت بەو مامۆستایانەی كە گرێبەستن، وەزیری پەروەردە رایگەیاند، لە‌ ساڵانی رابردوو لەبەر ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە قەیراندا بووە و بودجەی پێویستی نەبووە، بۆیە نەتوانراوە بكرێنە هەمیشەیی. ناوبراو دەشڵێ، هەر كاتێك بودجە دابنرێ، ئەوا كێشەی ئەو مامۆستایانە بە هاوكاریی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بودجەیان بۆ دیاری دەكرێت.

وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داواشی لە بەرێوەبەرایەتییەكانی پارێزگا، قەزاكان و ژمێریارییەكانیان كرد بە خێرایی كار بكەن بۆ پێدانی پارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە ناوچەكانی هەرێمدا، كە ئەوەش كێشەیەكی هونەری و كارگێڕییە و دەبێت چارەسەر بكرێت.

پشتیوان سادق جەختیشی لەوە كردەوە، كە وەك وەزارەتی پەروەردە هەوڵیان داوە ئەو گەنجانەی دەرچووی پەروەردەن، لە ماڵەوە نەبن و بێن لە قو‌تابخانەكان وانە بڵێنەوە.

Back to top button