وهزیری پهروهرده: دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، بە گوێرەی بەرنامەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەبێت
پشتیوان سادق، وهزیری پهروهردهی حكومهتی ههرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، بە گوێرەی بەرنامەی كابینەی نوێی حكومەت دەبێت و بەپێی پێویستییەكان و پسپۆڕییان لە قوتابخانەكاندا دادەمەزرێن.
سەبارەت بەو مامۆستایانەی كە گرێبەستن، وەزیری پەروەردە رایگەیاند” لە ساڵانی رابردوو لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قەیراندا بووە و بودجەی پێویستی نەبووە، بۆیە نەتوانراوە بكرێنە هەمیشەیی”.
ناوبراو دەشڵێت” هەر كاتێك بودجە دابنرێت، ئەوا كێشەی ئەو مامۆستایانە بە هاوكاریی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بودجەیان بۆ دیاری دەكرێت، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داواشی لە بەرێوەبەرایەتییەكانی پارێزگا، قەزاكان و ژمێریارییەكانیان كرد بە خێرایی كار بكەن بۆ پێدانی پارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە ناوچەكانی هەرێمدا، كە ئەوەش كێشەیەكی هونەری و كارگێڕییە و دەبێت چارەسەر بكرێت.