فراکسیۆنی پارتی پڕۆژە یاسای دروستکردنی خانوو بۆ کرێنشینانی داوەتە پەرلەمان

 

لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی کوردستان لە خانووی کرێدا دەژین بەهۆی بازاڕی ئازادو بوونی گرێبەستی نێوان خاوەن و کرێچی ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێت پڕۆژەمان ئامادەکردووە، بۆئەوەی خانوو بۆ کرێنشینان دروست بکرێت و بە نرخێکی هەرزان پێیان بدرێت.

رزگار عیسا، جێگری سەرۆکی لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشت و گوزار و ئاوەدانکردنەوە و وەبەرھێنان لەپەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: “پرۆژەیەکی فراکسیۆنی پارتی ھەیە و ئامادەکاری بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی حکوومەت خۆی خانوو دروست بکات و بەکرێ بیداتەوە بە خەڵک، لێرەدا ھەم ھاووڵاتی سوودی لێوەردەگرێت و خاوەن خانوو بە ویستی خۆی بەرز و نزمی ناکات بە کرێکەیەوە، ھەم پارەیەکیش بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە لە رێگای ئەو قیستانەی کە دەدرێت”.

 

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتیشی : “گرفتی کرێنیشینان گرفتێکی گەورەیە و کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەمە، چونکە بازاڕێکی ئازادە و لەوەتەی قەیرانی داراییش کەم بووەتەوە و مووچە چاک بووەتەوە، نرخی کرێی خانووش بەرز بووەتەوە”.

 

پەرلەمانتارەکەی پارتی نەیشاردەوە کە هێشتا پڕۆژەکەیان لە قۆناغی سەرەتایی دایە و ”دەبێت دیراسە بکرێت و بە وردی رەھەندەکانی بخرێتە ڕوو“.

Back to top button