رێبوار تاڵەبانی: ئەنجوومەنی پارێزگایی كه‌ركووك ھیچ بەھایەكی نییە.. چونكه‌ كەركووك بووەتە سەربازگە

سەرۆكی ئەنجوومەنی شەرعیی پارێزگای كەركووك گوتی، ئەو كۆبوونەوانەی لە ئەنجوومەن ئەنجام دەدرێن، یاسایی نین و پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنن، بۆیە تاوەكو دۆخەكە ئاسایی نەكرێتەوە و ئەنجوومەن بە فەرمی نەگەڕێتەوە و دەست بە كۆبوونەوە نەكاتەوە، ھەر بڕیارێك بدرێت، پێویستە ھەڵوەشێندرێتەوە.

رێبوار تاڵەبانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووه‌: “ئەو كۆبوونەوانەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەكرێن، لە ڕووی یاسایی و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنەوە ھەموویان پێچەوانەی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆن، بەڵام ئەمە عێراقە فەوزایە و یاسا بوونی نییە، بۆیە ھەموو ھەنگاوەكان پێچەوانەی یاسان”.

بە گوتەی د. رێبوار، لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ھەر بڕیارێك درابێت پێچەوانەی یاسایە و شەرعی نییە، وەك چۆن ئێستا پەرلەمان بڕیارەكانی سەردەمی بەعس ھەڵدەوەشێنێتەوە، پێویستە ئەو بڕیارانەی لە كەركووكیش دراون دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر، ھەموویان ھەڵوەشێننەوە، تاڵەبانی باسی لەوەش كرد، ئەو كارانەی لە كەركووك دەكرێن، ھەموو پێچەوانەی یاسا و دەستوورن و ئەگەر ئازان با یەك بڕگەی دەستووریمان بۆ بھێننەوە، بەڵام ئەمرێكی واقیعیان بۆ خۆیان دروست كردووە و كەركووك بووەتە سەربازگە.

ناوبراو ئاماژەشی دا، حیزبی بەعس ٣٥ساڵ بڕیاری نایاسایی و نادەستووری دەركرد، دواتر ھەموویان ھەڵوەشێندرانەوە، بۆیە پێویستە سەرجەم بڕیارەكانی پارێزگاری كەركووكیش ھاوشێوەی بەعس یەك بە یەك ھەڵوەشێندرێنەوە، “ئێمە سكاڵامان لە دادگای فیدراڵی تۆمار كردووە، كە دۆخی كەركووك نائاساییە و ئەوانەیش خۆیان لێ دزیوەتەوە و تەنھا باس لەوە دەكەن، كە كاری ئەوان نییە و ھیچ بڕیارێكیان لەبارەیەوە نەداوە”.

دەشڵێ: “لە ئێستادا بوونی ئەنجوومەن لە كەركووك ھیچ بەھایەكی نییە، چونكە تەنانەت رێگە بە ئەندامان نادرێت بچنە ناو بینای پارێزگای كەركووكەوە، جا چۆن دەتوانن بڕیار دەربكەن، بۆیە ھەر بڕیارێكیش بدەن، لە بەرژەوەندیی پارێزگاری كەركووك بەوەكالەتە”.

Back to top button