حكوومەتی هەرێم ڕۆژێك پشووی ڕاگەیاند
سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژێك پشوو ڕادەگەیەنێت و سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تێیدا سوودمەند دەبن.
ئەمڕۆ سێ شەممە ۳۰ی نیسان، سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماڵپەڕی حكوومەت بڵاوی كردووەتەوە، بەبۆنەی رۆژی كرێكارانی جیهانەوە پیرۆزبایی لە كرێكارانی كوردستان و عێراق و دنیا دەكەین و هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە مایەی دابینكردنی ماف و خواست و شایستەكانیان.
لە بەشێكی هەواڵەكە هاتووە، بەم بۆنەیەشەوە بەسەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی رادەگەیەنین سبەی ۱ی ٥ی ۲۰۱۹ لە داودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێتە پشووی فەرمی.
ئەو پەیامەی دزەیی لە كاتێكدایە بەپێی خشتەی پەسەندكراوی پەرلەمانی كوردستان بۆ پشووەكان ساڵانە ڕۆژی یەكی ئایار پشووی فەرمییە بەبۆنەی جەژنی كرێكاران.
لە دواین ڕاگەیەنراوی كۆمیتەی یەكی ئایار بۆ بەرگری لە كرێكارانی هەرێمی كوردستان هاتووە، پێویستە هەر كرێكارێك ئەو ڕۆژە كار دەكات دوو هێندە ڕۆژانەكەی پێ بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش بەیانی گردبوونەوەیەكیان هەیە.