سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هوداپار كرد

سەرۆك مەسعوود بارزانی و شاندێكی باڵای هوداپار، بە سەرۆكایەتی ئیسحاق ساغلام، سەرۆكی گشتی هوداپار، رەوشی سیاسی باكووری كوردستانیان تاوتووێ كرد.

ئەمڕۆ چوارشەم ۳۰ـی نیسان، بە گوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆك بارزانی تێیدا هاتووە، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای هوداپار بە سەرۆكایەتیی ئیسحاق ساغلام سەرۆكی گشتیی هوداپار و جێگر و ژمارەیەك لە ئەندامانی شورای ناوەندیی ئەو حزبە كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و پێزانینیان بۆ خەبات و ماندووبوونی سەرۆك بارزانی هەبوو لە بەرگریكردن و هەوڵدانی بۆ مافەكانی گەلی كوردستان.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی توركیا و بار و گوزەرانی گەلی كورد لەو وڵاتە گفتوگۆی لەبارە كرا، هەروەها دوا پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و جیهان تاوتوێ كرا و شاندی میوان كورتەیەكیان لە كار و چالاكی و ئامانجە سیاسییەكانی حزبەكەیان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا دووپات لە خەباتی سیاسی و ئاشتیانەی گەلی كورد بۆ مسۆگەركردنی مافەكانی كرایەوە و هەردوولایش لەسەر پەرەپێدانی پێوەندییەكانی نێوانیان هاوڕا بوون.

Back to top button