ڕاگەیاندراوێک لە فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراقەوە
وەزیری دارایی عێراق ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە.
بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوە، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی فواد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە لیژنەی كاروباری ئابووری ١١ـەمین دانیشتنی خۆی لە هەولێر گرێ دا و كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر ئەنجام دا. ئەم كۆبوونەوەیەش دوای بڕیاری كۆبوونەوەی فراوانی لیژنەی ئابووری هات لە دانیشتنی دەیەمی بە گرێدانی كۆبوونەوەی ١١ـیەم لە هەولێر، بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی بەڕێوەچوونی جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە ١٣ی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ساڵی٢٠١٩.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، کۆبوونەوەی لێژنەکە ئەم بڕیارانەی تێدا دەرکراوە:
– حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئەو رێوشوێنە یاساییانە دەگرێتە بەر بۆ جێبەجێكردنی کۆنووسی كۆبوونەوەی دەستەی دەروازە سنوورییەكان و نوێنەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یەكخستنی هەموو رێكارە ئاساییەكان لە دەروازە سنوورییەكانی كۆماری عێراق بە رێكارە یاساییەكانیشەوە لە ماوەی شەش مانگدا .
– هەردوو وەزارەتی پلاندانان لە حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێوشوێنەكانی پۆڵێنكردنی بەڵێندەران لە ماوەی شەست رۆژدا یەك بخەن و ئەم بڕیارە بۆ لیژنەی كاروباری ئابووری بەرز دەكرێتەوە، تا بڕیاری لەسەر بدرێت.
– ڕەزامەندیدان لەسەر میكانیزمی هاوبەشی كار بۆ كاراكردنی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازیی عێراقی بۆ هەردوو كەرتی تایبەت و تێكەڵاو بۆ ساڵی ١٩٩٨، كە لەلایەن هەردوو وەزیری پیشەسازی حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەر بدرێت.
– پێكهێنانی لیژنەی هاوبەش لەنێوان هەردوو حكوومەتدا، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەو كۆمپانیایانەی چاودێریی ئەم پرسە دەكەن بۆ رێككەوتن لەسەر میكانیزمی پشكنینی كاڵای هاوردە كراو، لە ماوەی ٦٠ رۆژ بۆ پاراستنی تەندرووستی هاووڵاتیان و ژینگە، ئەم لیژنەیە راسپاردەكانی خۆی بۆ لیژنەی كاروباری یاسایی بەرز بكاتەوە بۆ بڕیاردان لەسەری.
– ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان هەردوو دەستەی باج لە هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لە ماوەی یەك هەفتەدا بۆ رێككەوتن لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەش، بۆ ئەم پرسە لە هەموو عێراقدا.
– لیژنەی ئابووری ستایشی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەكات لە بارەی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی پاراستنی بەرهەم و، بەردەوامبوونی هەماهەنگی بۆ یەكخستنی بڕیارەكان بۆ بەرژەوەندیی بازرگان و كارمەندانی بواری پیشەسازی و جووتیارانی عێراقی، هەروەها دانانی نوێنەرێكی هەرێمی كوردستان لە لیژنەكە بە فەرمانی دیوانی ژمارە ١٤ بۆ ساڵی ٢٠١٨ی تایبەت بە نەهێشتنی هاوردەكردن.
– گرێدانی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، دوای یەك هەفتە لەم كۆبوونەوەیە بۆ داڕشتنی رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی مۆڵەتی هاوردە و، هەناردەكردن و بەرزكرنەوەی راسپاردەكان بۆ لیژنەی كاروباری ئابووری.
– یەكخستنی رێوشوێنی جیاكردنەوەی تەندروستی و ئاژەڵداری و كاراكردنی كاری هەردوو لیژنەی پێكهێندراو لە وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی فیدراڵ و، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، بەردەوامیدان بە گرێدانی كۆبوونەوەكانیان بە مەبەستی هەماهەنگیكردنی بەردەوام بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندیی گشتی، هەروەها پێكهێنانی ژوورێكی هاوبەش و بەردەوامی عەمەلیات لە نێوان هەردوو وەزارەت بۆ چارەكردنی حاڵەتی لەناكاو لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشیی درم لە كەرتی كشتوكاڵی و ئاژەڵداریدا.
– ڕەزامەندیدان لەسەر گرێدانی كۆبوونەوەی دەوری لە ماوەی هەر سێ مانگدا لە نێوان لیژنەی كاروباری ئابووری و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كۆبوونەوەكان و، هەماهەنگیكردن لە پرسە ئابوورییە هاوبەشەكان.
کۆبوونەوەی لیژنەی كاروباری ئابووریی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ٢٨ی نیسانی ٢٠١٩ لە هەولێر ئەنجام درا، لایەنی عێراقی پێکهاتبوون لە:
– د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارایی کە سەرۆکی لێژنەکەش بوو
– وەزیرانی (بازرگانی، پلاندانان، پیشەسازی، كشتوكاڵ)
– هەریەک لە (پارێزگاری بانكی ناوەندی، سەرۆكی دەستەی گشتیی وەبەرهێنان، بریكاری وەزارەتی دارایی و پلاندانان، راوێژكاری وەزیری نەوت، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی لە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەرۆكی هەردوو دەستەی بازگە سنوورییەكان و گومرگ، ژمارەیەك لە راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی لەگەڵ شارەزایانی دادگای فیدراڵی).
لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە هەریەک لە:
– نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیران
– مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش و کاندید بۆ سەرۆکایەتیکردنی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان
– قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران
– وەزیرانی (ناوخۆ، پلاندانان، تەندرووستی).
– هەریەک لە (سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ژمارەیەک لە بریکارانی وەزارەتەکانی هەرێم، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و شارەزایان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان).