پەکەکە ڕێ لە هاوکاری خەڵکی شنگال دەگرێت.. نهێنیەکی گەورە ئاشکرا کرا
دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و تیایدا هاتووە، چەكدارانی پەكەكە ڕێگری لە ناردنی هاوكاری بۆ شنگال دەكەن و بەهۆی ڕەفتارەكانی ئەوانەوە چیتر هاوكاری خەڵكی ناوچەكە ناكەن.
ئەمڕۆ سێ شەممە ۳۰ـی نیسان، لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەزگای خێرخوزای بارزانی ڕایگەیاند، لە رۆژی یەكەمی داگیركردنی شنگال لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە رێگەی فڕۆكە و ئۆتۆمبێلەوە هاوكاری مرۆییمان گەیاندووەتە خەڵكی سەربەرزی شنگال و تەنیا دەزگایش بووین كە خەڵكی سڤیلی ئەو دەڤەرەمان بە تەنیا جێنەهێشتووە، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە پێداویستییەكانی وەكو ئاو، كارەبا، قوتابخانە، بنكەی تەندروستی و جلوبەرگ و خۆراكیان بۆ دابین بكەین تا ئەو ڕادەی ئۆفیسێكمان لەسەر چیای شنگال كردووەتەوە.
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، لە كاتی ئەنجامدانی ئەم ئەركە مرۆییەدا، چەندان جار لە لایەن چەكدارانی پەكەكەوە رێگری لە تیمەكانمان كراوە و پەلاماری ئۆفیسی دەزگا دراوە كە لەسەر چیای شنگالە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوامبین لە خزمەتكردن بە خەڵكی دەڤەری شنگال بێدەنگیمان بەرانبەر چەكدارانی پەكەكە هەڵبژاردووە و رۆژ بە رۆژ زیاتر هاوكاریمان پێشكەشی خەڵكی ئەو دەڤەرە كردووە و لە كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكاندا دەنگی شنگال و شنگالییەكانمان گەیاندۆتە رێكخراوە مرۆییە دنیا.
” چەكدارانی پەكەكە لەسەر هەڵویستی نامرۆڤانەی خۆیان بەردەوامن و رۆژی (۲۸ـی ٤ـی ۲۰۱۹) لە كاتی پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ خەڵكی شنگال لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی كەنیسەی لێبراسكای ئەمەریكی هەڵدەكوتنەسەر كارمەندانمان و بەرپرسی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شنگال دەگرن و زیندانی دەكەن” لە روونكردنەوەكەدا وا نووسراوە.
هەروەك دەزگاكە سەركۆنەی ئەو كارەی چەكدارانی پەكەكە دەكات و ڕای دەگەیەنن، چیتر ناكرێت و ناتوانین بەردەوام بین لە پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ خەڵكی دەڤەری شنگال، چونكە رەفتاری چەكدارانی پەكەكە لە شنگال بارگاویە لە توندوتیژی و دژی خەڵكی سڤیلی دەڤەری شنگال و رێكخراوە خێرخوازی و مرۆییە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەكان.
لە كۆتاییدا داوا لە حكوومەتی عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكان و هێزی هاوپەیمانان و رێكخراوە مرۆییەكان لە دنیا دەكەن رێگە نەدەن گرووپە چەكدارەكانی دەڤەری شنگال ئەو ناوچەیە بكەنە گۆڕەپانی ململانێی خۆیان، چونكە خەڵكی سڤیلی شنگال پێویستیان بە زیاتر بە هاناوە چوون و باشتركردنی رەوشی ژیان و بونیاتنانی ژێرخانی دەڤەرەكە هەیە.