نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی كۆماری میسری عەرەبی کرد
لە كۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و كونسوڵی كۆماری میسری عەرەبی لە هەرێمی كوردستان دووپات لەسەر پێوەندییەكان كرایەوە.
بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێ شەممە ۳۰ـی نیسان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پیرۆزباییی دەستبەركاربوونی لە ئەحمەد حارس كونسوڵی كۆماری میسری عەرەبی لە هەرێمی كوردستان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركی نوێیدا، هەروەها پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری میسری دووپات كردەوە و هیوای خواست لە هەموو بوارەكاندا بەتایبەتی لە بواری بازرگانی، ئابووری و گەشتیاریدا پێوەندییەكان بەهێزتر بكرێن و لەمبارەیەوە هەموو هاوكاری و ئاسانكارییەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دووپات كردەوە.
وەك لە هەواڵەكەدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی پوختەیەكی دەربارەی قۆناغی شەڕی دژی داعش و قۆناغی دوای نەمانی، بەرەوپێشچوونی پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، باشتربوونی دۆخی ئابووری و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد.
لای خۆیەوە ئەحمەد حارس خۆشحاڵیی خۆی بە یەكەم دیداری لەگەڵ سەرۆك وەزیران دوای دەستبەكاربوونی وەك كونسوڵی وڵاتەكەی دەربڕی و پوختەیەكی لە كار و چالاكییەكانی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد و خواستی وڵاتەكەی بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە بوارەكانی بازرگانی، ئابووری، گەشتیاری و زانیستیدا، نیشان دا.