هەولی دروستکردنی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز دژ بە حکومەتەکەی عادل عبدلمەهدی دەدرێت

 

لەگەڵ ئەوەی بەهۆی ناکۆکیە تائیفی و سیاسیەکان تا ئێستا نەتوانراوە کابینەی عادل عەبدولمەهدی تەواو بکرێت، بەرپرسێکی هاوپەیمانی نەسر ئاشکرای دەکات کە هاوپەیمانێتیەکەیان لەگەڵ ڕەوتی حیکمە لە هەولی پێکهێنانی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنین.

بەرپرسێکی باڵایی هاوپه‌یمانێتی نه‌سر رایگه‌‌یاندووه‌: “له‌ رۆژانی رابردوودا گفتوگۆ و دانووستان له‌نێوان هاوپه‌یمانی نه‌سر و ره‌وتی حیكمه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌، ئامانج ئه‌وه‌بووه‌ بارودرخی سیاسی و پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزیسیۆن هه‌ڵسه‌نگێنن تا له‌ ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا ببنه‌ ئۆپۆزیسیۆن”.

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: “هێشتا گفتوگۆ و دانووستانه‌كان به‌رده‌وامن و هیچ بڕیارێكی كۆتایی بۆ پێكهێنانی ئه‌و به‌ره‌یه‌ نه‌دراوه‌، چونكه‌ پرسێكی له‌و شێوه‌یه‌ په‌له‌په‌لی ناوێت و پێویستی به‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌ی قووڵه‌ و ئێمه‌ش هه‌ر واده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌ره‌كه‌ش پێكهات، كاری سه‌ره‌كی ئاسته‌نگ دروستكردن نییه‌ بۆ حكوومه‌ت، به‌ڵكو چاودێریی چڕی كاره‌كانی حكوومه‌ت ده‌كرێت و رێگا چه‌وته‌كانی بۆ راست ده‌كرێته‌وه‌‌”.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ حەسەن فەدعەم، پەرلەمانتاری رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: “عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە بە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی راگەیاندووە، رەوتەکەی بە نیازە ببێتە ئۆپۆزیسیۆن، لەبەرامبەریشدا سەرۆکوەزیران ئۆپۆزیسیۆن بوونی بە هەنگاوێکی باش داناوە”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی رەوتی حیکمە هەفتانە کۆدەبنەوە. وەکو رەوتی حیکمە رەتیانکردووەتەوە، هیچ پۆستێک وەرگرن چونکە بڕیاری ئۆپۆزیسیۆن بوونیان داوە

Back to top button