خەریكە كارتەكانی گۆڕان تەواو دەبن
(1)
پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی، لە باشیكەوە زۆر روون و راشكاو بوو، لەلایەك خاڵی كۆتایی لەسەر نیقاشی سنووری كوردستان و مەسەلەی سەربەخۆیی دانا، لەلایەكی دیكەشەوە پەیوەست بە قەیرانی سیاسی ئۆلتیماتۆمێكی دایە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی. هەڕەشەی تێدا نەبوو، بەڵام گوتی كە ئەوان سەبری ئەیوبیان نییە و، تا هەتایەش چاوەڕێ ناكەن. هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە بەردەوامیی گۆڕان و تەنانەت باڵی ماڵباتی یەكێتیش لەسەر ئەو جۆرە سیاسەتە هیچی لێ شین نابێت.
لەڕاستیدا بزووتنەوەی گۆڕان لە دروستبوونییەوە تا ئێستا، تەنها شتێك كە دەیتوانی شانازیی پێوە بكات، سۆزی جەماوەر بوو بۆ دروشمەكانیان، ئێستا ئەو سۆز و لایەنگرییە لە ئەنجامی هەڵە سیاسییەكانیان خەریكە وەك بەفری بەر هەتاو دەتوێتەوە، لێگەڕێ لەوەی بانگەوازەكانیان بۆ جەماوەر بێ وەڵامە و كەس هێشتا نازانێ گۆڕان بەشێكە لە دەسەڵات یان ئۆپۆزیسیۆن؟ هێشتا خەڵكی گۆڕانخواز سەریان لەوە دەرناچێ كە بۆچی رێبەرایەتیی ئەو بزووتنەوەیە و بەتایبەتیش نەوشیروان مستەفا، ئینسیاتیڤ بە كەسانێك دەبەخشێ كە هیچ دەسەڵاتێكیان بەسەر بزووتنەوەكەوە نییە؟
ئینجا گۆڕان كە ئێستا شەقامیشی لێ تۆراوە، هەنگاوە سیاسییەكانیشی بێ ئەنجامن، لەسەر ئاستی ناوخۆیی، گۆڕان پێیوایە كە دەتوانێ بەو موعەلەقییەی لە سیاسەتدا، قازانج بكات و خۆی یەكلا نەكاتەوە تا بتوانێ خاوەنی شەقام بمێنێتەوە، ئەڵبەتە شەقامی سلێمانی نەك شوێنی دیكە، هاوكات نایەوێ دان بەوەدا بنێت كە رێككەوتنی ستراتیژیی لەگەڵ یەكێتیدا، زۆر خراپتر لەوە بەسەریدا شكاوەتەوە كە بۆ بەڕێوەبردن و كابینەی هەشتەم لەگەڵ پارتیدا كردی. هەر بۆیە بارزانی لە پەیامەكەیدا پێی گوتن كە ئەوسایان باشتر بوو یان ئێستا؟ لەوە واوەتریش، لەسەر ئاستی بەغداش گۆڕان نە ئەو هێزەیە كە بتوانێ هاوپەیمانی ببەستێت و نە ئەو رەسیدەشی هەیە لایەنەكانی دیكە حیسابی لەسەر بكەن و، هەموو ریسەكانیان بە تەلەفۆنێكی بارزانی و عەبادی دەبێتەوە خوری.
گۆڕان لە میدیا هەرچییەكیان لەدەست دێت لە دژی پارتی دەیكەن و، پارتیش تەققەی سەری دێت و پێیان دەڵێ:”هەر هەڵپەڕن”، هەر وا دەزانن ساڵی 2009 یەو خەڵك باوەڕی بە دروشمەكان ماوە! گۆڕان بێخەبەرە لەوەی كە باڵەكانی یەكێتی، یەكگرتوو و پارتی خەریكی دابەشكردنی ئەو میراتەن كە لەپاش خۆیان بەجێی دێڵن، بۆیە گۆڕان ئەگەر بیەوێ لە گۆڕەپانی سیاسیدا بمێنێتەوە، پێویستی بە مانۆڕێكی سیاسیی بوێرانەیە، دەنا كارتەكانی خەریكە تەواو دەبن.
باڵی ناوەندی (بێ) بڕیار
(2)
ئەگەرچی بەیاننامەی باڵی ناوەندی بڕیاری یەكێتی نیشتمانی دوای پەیامەكەی بارزانی لە باشیك، رێی بۆ ئەو تەئویلە كردەوە كە ئەوان بەتەما بن، لەگەڵ پارتی، باڵی ماڵبات و یەكگرتوو و هێزەكانی دیكە، حكومەتێكی رزگاریی نیشتمانی پێكبێنن، بەڵام گوتەبێژەكەیان سەرباری راستیی ئەو تەئویلە، رەتی كردەوە كە شتێكی وا لە ئارادا بێت! جارێ لەوە گەڕێ كە باڵی ناوەندی بڕیار لەوەتەی دروست بووە هیچ بڕیارێكی پێ نەدراوە و هەر بەیاننامە و نەخشە رێگا بڵاودەكاتەوە.
بەڵام كاتێك بەیاننامەكەی 18ی مانگ دەخوێنییەوە، هەر دەتوانی ئەوەندەی لێ هەڵبهێنجی كە ئەوان پێشنیاز (نەك بڕیار) دەدەن و، پێشنیازەكەش بۆ پارتییە كە مادام دۆخی سیاسیی هەرێم تووشی چەقبەستوویی بووە، وەرن با كابینەی حكومەت هەڵوەشێنینەوە، پەرلەمان كارا بكەینەوە و سەرلەنوێ دابەشی بكەینەوە. لە بنەڕەتیشدا بەیاننامەكە بەو ئامانجە نووسراوە و بڵاوكراوەتەوە (زۆر بە ئاشكرا دەڵێن، باڵی ماڵبات و گۆڕان لە ئیدارەی سلێمانی، گەرمیان و كەركوك فەشەلەیان هێناوە!) كە ئێستا ئەوان دەیانەوێ خەڵك بڕوا بە لایەنە گشتییەكەی بكات تا تایبەتییەكەی.
ناوەندی بڕیاری یەكێتی وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر، بێ بڕیاریی باڵی ماڵباتی یەكێتی دروست بووە، بەشەوان دز و بەڕۆژ پۆلیس، لە هەولێر حكومەت و لە سلێمانی موعارەزە و، لە كوردستان سەربەخۆخواز و لە بەغداش عێراقچی، بۆیە ئەوانیش ناتوانن ناویان ناوەندی بڕیار بێت ئەگەر بیانەوێ بەو شێوەیە یاری بە وشەكان بكەن. لانیكەمی ئەوەیە لەوەتەی ئەوان بوونی خۆیان راگەیاندووە، باڵی ماڵبات هەر بڕیار دەدات و ئەوانیش هەر بەیاننامە دەردەكەن! ئەگەر ناوەندی بڕیاری یەكێتی، بتوانن بڕیار بدەن، پارتی بۆ زۆر شت ئامادەیە و خۆشیان ئەوە باش دەزانن، بەڵام بەو بێ بڕیارییە، زەحمەتە.
قوتابیانی هەولێر و خوێندكارانی سلێمانی!
(3)
درێژەكێشانی بایكۆتی مامۆستایان لە دەڤەری سەوز و نیلی، وا دەكات كە ئیتر خوێندنی ئەمساڵی خوێندكارانی ئەو دەڤەرە قابیلی ئەوە نەبێت قەرەبوو بكرێتەوە و ساڵێكیان لە كیس بچێت. ئەوانەی ئەو پەیامەیان بەجددی وەرگرت، دەمێكە منداڵەكانیان دێننە زۆنی زەرد و، هەبووە ماڵی خۆی لەوێوە هێناوەتە هەولێر تا منداڵەكانی عومریان بەفیڕۆ نەچێت. داواكاریی مامۆستایان رەوایە، بەڵام مامۆستا هەر مامۆستایە، بۆ لە هەولێر، دهۆك و سۆران مامۆستا وانە بڵێتەوە، قوتابیش بخوێنێ، بەڵام لەوێ خوێندكار مەحرووم بێت؟!
لە بەرنامەیەكی رووداو، مامۆستایەك دەیگوت، ئەگەر قەرار بێت، ئەمساڵی خوێندن بۆ دەڤەری سەوز و نیلی هەژمار نەكرێت، نابێ بۆ دەڤەری زەردیش هەژمار بكرێت! ئەوە هەموو چارەسەرەكەی بوو! لە هەموو وڵاتێك سێ كەرت: (بەرگری، تەندروستی و پەروەردە) زۆرترین پارەیان لە بودجەدا بۆ تەرخان دەكرێت و، سەرباز و دكتۆرەكان بۆ وەفاداری بە پیشەكەیان سوێند دەخۆن، بەس مامۆستایان سوێند ناخۆن، چونكە خۆیان قوتابی بوونە و پێویستیان بە سوێندخواردن نییە. بەڵام ئاوا بڕوات، سوێندی نەخوراویان دەكەوێ.