خەسرۆ گۆران: دەمانتوانی بە تەنیا حكومه‌ت پێك بهێنین بەڵام نەمانویست

ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە هەرچەندە حزبەکەی لە رووی یاساییەوە دەیتوانی بە تەنیا کابینەی نوێی حکوومەت پێک بهێنێت، بەڵام نەیویست بە تەنیا بێ.

خەسرۆ گۆران، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی بە رادیۆ ( دەنگی ئەمریکا)ی راگەیاندووە، دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت ”زۆر ئاساییە“ و نموونەی بە لوبنان و سوید هێناوەتەوە، کە دوای نۆ مانگ و پێنج مانگ لە هەڵبژاردن، لایەنەکان توانیویانە حکوومەت پێک بهێنن پارتی دەیتوانی بە تەنیا کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک بهێنێت، چونکە نزیکەی نیوەی پەرلەمانی بەدەست هێناوە، بەڵام ویستوویەتی هەموو لایەنەکان بەشداریی بکەن، چونکە بەشداریی هەموو لایەنەکان لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ئاماژەی بە دوایین هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت داوە و رایگەیاندووە، ”زۆر نزیک بووینەتەوە“ لە پێکهێنانی حکوومەت و ”قەناعەت ئەوەیە لەکورتترین ماوە لەم مانگەی دێت، حکومەت پێک دێت، هەنگاوی باش بڕاوە“.

رۆژی 30ـی ئەیلوولی 2018، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا و تێیدا پارتی لە کۆی 111 کورسیی پەرلەمان، 45 کورسی بە دەست هێنا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش 21 کورسی بە دەست هێنا.

Back to top button