سێبارە یەكێتی پاكشەی كرد لە واژوو كردنی رێكەوتن لەگەل پارتی

یەلێتی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان واژۆ ناکات و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ”گلەییمان لە پشکەکانمان هەیە“.

نیازی ھەورامی، ئەندامی ئەنجومەنی سکرتاریەت لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پێشتر راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی بووە ڕایگەیاند: “دەبوایە ئێستا ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، بەڵام ھۆکاری دواکەوتنی ڕێککەوتنەکە بۆ فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی دەگەڕێتەوە، بەڵام فاکتەری دەرەکی ڕۆڵ و کاریگەری ھەیە، ھەروەھا خاڵی دووەمی ڕێککەوتنەکە کە باس لەوە دەکرێ بەزوویی ڕێککەوتنەکە واژۆ دەکرێت، من پێموایە شتی دیکە ماوە بۆ ئەوەی بگەینە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە“.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی نەیشاردەوە کە هەرچەندە ڕەشبین نییە لە بەرامبەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، بەڵام ”واژۆکردنی ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی بەدوور دەبینم، چونکە تاوەکوو ئێستا گۆڕان ڕازی نەبووە و دەبێ شاندی دانوستانکاری پارتی لەگەڵ گۆڕان کۆتا قسە بکات، ئەوکاتە ڕێککەوتنەکە لە نێوان یەکێتی و پارتی واژۆ دەکرێت“.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو ستافەی لە کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەست بەکار دەبن، ”جێگای دڵخۆشین و لەکابینەی داھاتوودا زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر دەکەن، بێگومان کاندیدەکەی پارتی بۆ پۆستی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ئاستی متمانەی جەماوەری ھەرێمی کوردستانە و کاندیدەکانی دیکەش جێگەی دڵخۆشین، چونکە حزبەکان کەسانی باش لە پۆستەکاندا دیاری دەکەن و خەڵکی کوردستان پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەوێت، ئیتر ھەر کەسێک لە پۆستەکاندا بێت، گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە خزمەتی خەڵکی بکرێت“.

نیازی ھەورامی ئاشکرای کرد کە حزبەکەی هێشتا بەو پشکە ڕازی نییە کە بۆی دانراوە و گوتی: ”ئەگەر یەکێتی بە پشەکانی خۆی ڕازی بووایە، ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی واژۆ دەکرد، بەڵام یەکێتی بە پشکەکانی خۆی ڕازی نییە و گلەیی لەو پشکانەی ھەیە، بۆیە ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و پارتی واژۆ ناکرێت“.

پێشتر لە وەڵامی بانگەشەی ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی کە هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی خستبووە ئەستۆی پارتی، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان  ڕایگەیاندبوو، یەکێتی هەرچەندە بەپێی هەموو بنەمایەکان، شایستەی ٤ وەزارەتە، بەڵام زیاتریشی بۆ دانراوە، کەچی بەهۆی باڵباڵێنەوە ڕازی نییە و ئەو پشکانە بەشی هەموو باڵ و گرووپ و لقەکانی یەکێتی ناکات.

Back to top button