قەتەر داوا دەكات موقتەدا سەدر داوای لێبوردن بكات
دوای ئەوەی موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدررایگەیاندبوو “دەبێت جەنگ لە بەحرێن، یەمەن و سووریا كۆتایی پێ بێت و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە بەپەلە واز لە دەسەڵات بهێنن”.خالید بن ئەحمەد ئال خەلیفە وەزیری دەرەوەی بەحرێن، داوایكرد موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر، سەبارەت بە لێدوانەكانی لەبارەی حكومەتی بەحرێن داوای لێبوردن بكات.
خالید بن ئەحمەد ئال خەلیفە بە رۆژنامەی شەرقلئەوسەت-ی راگەیاندووە، داواكردنی سەدر لە بەرپرسانی بەحرێن بۆ دەستبەرداربوون لە دەسەڵات، ناوزڕاندنە.
وەزیری دەرەوەی بەحرێن راشیگەیاند كە لێدوانەكانی موقتەدا سەدر زیان بە بەرژەوەندییەكانی عێراق دەگەیەنێت و وتی: “پێویستە سەدر داوای لێبوردن بكات لەبارەی ئەو بەشەی لێدوانەكانی كە سووكایەتی بە بەحرێن كردووە”.
خالید بن ئەحمەد ئال خەلیفە وتی: “ژمارەیەك لە سیاسەتمەدارانی عیراق و لەنێویاندا موقتەدا سەدر لە دەرەوە فەرمانیان پێ دەكرێت. ئەمانە بەپێی خواستی ئێرانییەكان سووكایەتی بە بەحرێن دەكەن. كاتێك سەدر دەبینێت دوای نزیكبوونەوەی عیراق لە سعودیە، باڵێۆزخانەی سعودیە لە بەغدا و كۆنسوڵخانەی سعودیە بە نەجەف كراوەتەوە و پەیوەندییەكانی عیراق-بەحرێن گەشەیان كردووە، خۆی لە ئاست ئەمەدا پێ نەگیراوە و لێدوانی ناوزڕاندنی لەبارەی بەحرێن داوە”.
حاكم زاملیی سەركردە لە رەوتی سەدر لە لێدوانێكیدا كاردانەوەی دژبە قسەكانی خالد بن ئەحمەد ئال خەلیفە وەزیری دەرەوەی بەحرێن، نیشاندا و باسی لەوەكرد كە سەدر سەركردەیەك نییە فەرمان لە دەرەوە وەربگرێت، ئەوەیشی خستەڕوو كە وەزیری دەرەوەی بەحرێن بە لێدوانەكانی دەستدرێژی كردووەتە سەر سەدر و بەخراپ باسی كردووە و وتی:”سەدر یەكێكە لە سیمبوولەكانی عیراق، كەسایەتییەكە كە لە جیهانی عەرەبی و جیهاندا رێزی دەگیرێت. لەبەرئەوە پێویستە حكومەتی بەحرێن داوای لێبووردن لە عیراق بكات”.