ئەمریكا پێنج ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی ئاسایشی فڕۆكەخانەكانی عیراق تەرخان دەكات
حكومەتی ئەمریكا پڕۆژەی ئاسایشی فرۆكەخانەكانی عیراقی بە گوژمەی 5 ملیۆن دۆلار راگەیاند كە سەلامەتیی سەرنشینەكان بەهێز دەكات و تواناكانی عیراقیش لە گەشەپێدانی ئابوریدا بەرزدەكاتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێكی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە بەغدا، واشنتن دەستپێشخەرییەكی بە بڕی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ ئاسایشی فڕۆكەخانەكانی عێراق پێشكەشكردووە، كە راهێنان و كەرستەی پێویست دابین دەكات و ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عێراقی دەبێت.
بە گوێرەی راگەیەندراوەكەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا، جۆی هود، كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە عێراق دەڵێت: “فڕۆكەخانەكان دەرگاكانی جیھانن. ئەم پرۆگرامە ھاریكارییە تەنھا سەلامەتی سەرنشینەكان بۆ خەڵكی عێراق بەھێز ناكات بەڵكو پاڵپشتی تواناكانی عێراقیش دەكات بۆ راكێشانی وەبەرھێنەرە بیانییەكان و فراوانكردنی پەیوەندییە بازرگانییە جیھانییەكان و ھانی گەشەپێدانی ئابووری دەدات”.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە، بەرپرسانی دەسەڵاتی فرۆكەوانی شارستانی عێراقی و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و بەسرا و ھەولێر كۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی پرۆگرامەكە و بەردەوامبوون لەسەر بەھێزكردنی ئاسایش لە فرۆكەخانەكانی عێراق بۆ گەیشتن بە ستانداردە نێودەوڵەتییەكان.
ئەوەش روونكراوەتەوە، پرۆگرامەكە ئاماژەیەكە بۆ فراوانبوونی رۆڵی عێراق لە كۆمەڵگەی فڕۆكەوانی جیھانی.