فوئاد حوسێن سەرۆکایەتی دانیشتنی ڕاوێژکاریی کۆتایی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی کرد
د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری – وەزیری دارایی لە عەممانی پایتەختی شانشینی ئۆردنی هاشمی، سەرۆكایەتیی دوایین كۆبوونەوەی ڕاوێژكاریی سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی كرد.
ئەمڕۆ، پێنجشەمە 2019/5/2، د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری – وەزیری دارایی لە عەممانی پایتەختی شانشینی ئۆردنی هاشمی، سەرۆكایەتیی دوایین كۆبوونەوەی ڕاوێژكاریی سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی كرد بە مەبەستی ڕاوێژیكردن لەبارەی بڕگەی چوارەمی ڕێككەوتنی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بەئامادەبوونی سەرۆكی نێردەی ئەو دەزگایە بۆ عێراق و بەڕێز موحسین عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی.
بڕگەی چوارەمی ئەو ڕێككەوتنە پێداگری لەسەر ڕاوێژكاریی ساڵانە دەكات لە نێوان وڵاتانی ئەندام و شارەزایانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئابووری و دارایی.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر سیاسەتی دارایی و ماڵیی عێراق كرا لەسەر ئاستی مامناوەندی كە ئامانج لێی بەهێزكردنی گەشەپێدانی ئابووری و هێنانەدیی سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و پەلەكردن لە دووبارە بنیادنانەوەیە. هاوكات تیشك خرایە سەر شێوازەكانی ئامادەكردنی بودجەی گشتی و ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی و میكانیزمەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
لەم كۆبوونەوەیەدا بەڕێزان، ڕاوێژكاری داراییی سەرۆكوەزیران و باڵیۆزی عێراق لە شانشینی ئۆردنی هاشمی و نوێنەری بانكی نێودەوڵەتی لە بەغدا و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی چەند وەزارەتێكی پەیوەندیدار و شارەزایانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئامادە بوون.