خەوی باش، سیستەمی بەرگری جەستە بەهێزدەکات

پزیشکانی زانکۆی توبینگن لە ئەڵمانیا رایدەگەیێنن خەوی باش یارمەتیدەرە لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە.

پزیشکانی زانکۆ ئەڵمانییەکە لە نوێترین توێژینەوەیاندا لە کاریگەرییەکانی خەوتنیان لەسەر سیستەمی بەرگری جەستە کۆڵیوەتەوە و ئەنجامی توێژینەوەکەشیان لە جۆرناڵی (Experimental medicine) بڵاوکردووەتەوە.

د. ستۆیان دیمیترۆڤ، پسپۆری دەروونی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: بۆماندەرکەوتووە ئەو کەسانەی هەشت کاژێر دەخەون و کواڵێتی خەویان باشە، خانەکانی سیستەمی بەرگرییان وەڵامدانەوەیان لە بەرامبەر هۆکارە نەخۆشخەرەکان باشترە.

سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە ئەو کەسانەی کەمخەون زیاتر تووشی هەوکردنە جیاوازەکان دەبن چونکە سیستەمی بەرگری جەستەیان لاوازترە بەبەراورد بەوانەی خەویان باشە.

توێژینەوەی زۆر لەسەر زیانەکانی کەمخەوی کراون بەوپێیەی کەمخەوی مەترسیی چەندین نەخۆشی درێژخایەن زیاددەکات لەوانە خەمۆکی، نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە.

Back to top button