پارتی: تا ئێستا نەجمەدین كەریم پارێزگاری شەرعی كەركوكە
تاوەکوو بابەتی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووک بە فەرمی چارەسەر نەکرێت، پرسەکانی دیکەش لە شارەکە چارەسەر نابێت.(ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان وایگوت).
نووری حەمەعەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی و فەرماندەی میحوەری کەرکووکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕایگەیاند: ”کەرکووک لەژێر دەسەڵاتی سەربازییە، لەبەغداوە فەرمان وەردەگرێت، پێویستە ئەو ھێزە زیادانەی لەوێن، بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە و دۆخی شارەکە ئاسایی بکرێتەوە، ئەنجومەنی پارێزگا بگەڕێتەوە و بارەگاکانمان بدەنەوە و کادیری پارتی بچێتەوە بۆ کەرکووک، چونکە بارەگاکانمان داگیرکراوە و ھەڵبژاردن چۆن لە دۆخێکی ئاوا دەکرێت؟”.
ئەوەشی ئاشکرا کرا: ”تا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک نەچێتەوە شوێنی خۆی و نەجمەدین کەریم نەچێتەوە کەرکووک و بە ھەڵبژاردن یان لابردن لەنێو ئەنجومەنەکەدا چارەنووسی یەکلا نەبێتەوە، پرسەکانی دیکەش چارەسەر نابن و لەم کاتەشدا ھەڵبژاردن لە کەرکووک سوودێکی نییە”.
نووری حەمەعەلی نەیشاردەوە کە لەم دۆخەدا ئەگەر پارێزگاری کەرکووک ”پارتیش بێت“، دەسەڵاتی نابێت، چونکە بڕیاری شارەکە بەدەست سەربازەوەیە و لە شوێنەکانی دیکەی عێراقەوە بڕیار لەسەر کەرکووک دەدرێت.