پۆلیسی سلێمانی: ئاوات بۆکانی لەسەر شەڕکردن و هەڕەشەکردن دەستگیرکرا
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، هونەرمەندی میللی ئاوات بۆکانی ”لەسەر شەڕکردن و هەڕەشەکردن لە خەڵکی” دەستگیرکرا.
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: “ئەمڕۆ شەممە 4-5-2019 لەسەر دوو سکاڵای هاونیشتمانیان لەناو شاری سلێمانی ئاوات بۆکانیمان دەستگیرکرد”.
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، دەڵێت: “ئاوات بۆکانی لەسەر سکاڵای دوو هاونیشتمانی کە شەڕکردن و هەڕەشەکردن بووە لە خەڵکی بەپێی مادەی 413 و 432ی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە”.
شەوی 9-1-2019 لە ناوچەی چنارۆکی گەشتیاری کۆیە، بەهۆی دەمەقاڵێ لەنێوان ئاوات بۆکانی و سێ کەسی دیکە، ”ئاوات بۆکانی دوو کەسی بە گوللە بریندارکرد”.
بەهۆی رووداوەکەوە دادوەر فەرمانی گرتنی بۆ ئەو هونەرمەندە میللیە دەرکرد. دوای رووداوەکەش ئاوات بۆکانی بەشداریی لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند: “لەکاتێکی گونجاودا خۆی رادەستی یاسا دەکات”.
رۆژی 5-3-2019 بۆکانی خۆی رادەستی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کۆیە کرد و دواتر بە کەفالەت ئازداکرا.