گوتەبێژی فەرمیی پارتی: ئومێد دەکەین یەکێتی شتی تازە نەهێنێتە پێشەوە

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، هیچ داوایەکی زیاتر لەوەی لەسەری ڕێککەوتوون، نەکات و پێکهێنانی حکوومەت لەوە زیاتر دوانەکەوێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی ئایاری ٢٠١٩، لە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی نێوانیان، شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا ئاماژەی بەوە کرد: ”ئێمە و پارتی لەو ڕۆژەی ڕێککەوتنمان کردووە و واژۆمان کردووە، لەو بنەمایەوە ئەوەمان کردووە کە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و چاککردنی بژێویی خەڵک و بووژانەوەی بازاڕ و چەندان شتی تر ڕێککەوتووین. دۆخی ناوچەکە لەبەردەم ئەگەری زۆردایە و دەبێ لایەنەکان یەکگرتوو بن“.

جەختیشی کردەوە: ”بەلای ئێمەوە پۆستێک لێرە و یەکێک لەوێ نابێ ڕێگر بێ لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەت، ئەرکی هەموو لایەنەکانە کە پەلە بکەین لە پێکهێنانی حکوومەت“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بە مەبەستی سەرخستنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشنیازی ئەوەیان کردووە، کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانیش بەشداری بکات.

لەلایەن خۆشیەوە مەحموود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی ڕای گەیاند: ”لەگەڵ برادەرانی گۆڕان زۆر زوو لێک تێگەیشتین و لەسەر هەموو بابەتەکان ڕێککەوتین. ئەمڕۆ هاتنی شاندەکەمان بۆ ئەوە بوو بە گۆڕان بڵێین سوپاس بۆ لێکتێگەیشتنتان. ئێمە دەمانەوێت بابەتەکانی حکوومەت بە لێکتێگەیشتن بێت لە نێوان هەرسێ لایەنمان، بە خۆشحاڵییەوە لێکتێگەیشتنەکە درووست بووە و ئومێد دەکەین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لە پرۆسەی کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمەوە تا ڕاسپاردنی ئەو کەسەی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی دەکات، بەڕێوە بچێت“.

ڕوونیشی کردەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ گۆڕان گفتوگۆیان کردووە کە پرۆسەکە بەردەوام بێت و کارەکانی ئەنجام بدات. چەندی ڕێکارە یاساییەکان ڕێگە بدات، پرۆسەکە بەرەوپێشەوە دەچێت و ڕاناوەستێت.

لەبارەی زیادکردنی داواکارییەکانی یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت، مەحموود محەمەد ڕای گەیاند: ”لە ٣ی چوارەوە لە نێوان پارتی و یەکێتی ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکان تەواو ببوو، هەرچەندە واژۆ نەکرابوو و تەنیا ڕێککەوتنی سیاسی واژۆ بکەین، ئەمڕۆ هاتبووین کە ئەگەر ڕێککەوتنەکە ئامادە بێت، ئەویش کۆتایی پێ بهێنین، ئێستا برادەرانی ئێمە و یەکێتی لە گفتوگۆ داین تاوەکوو بزانین دەگەن بە چی. ئومێد دەکەین خاڵی تازە نەیەت و پێویست نەکات، لە ٣ی نیسانەوە سەرۆکی هەردوو شاندەکەمان لە سەر سیغەیەک ڕێککەوتوون و بڕیاری کۆتاییمان لێ داوە، ئومێد دەکەین شتی تازە نەیەتە پێشەوە کە پرۆسەکە دوادەخات“.

Back to top button