سەرۆكایەتی هەرێم وەڵامی سەركردەیەكی شیعە دەداتەوە

خواكوڕك

د. ئومێد سەباح گوتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لێدوانێكی رایگەیاندوە، ژمارەیەك لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لێدوانێكیان بڵاوكردۆتەوە گوایە باقر جەبر سۆلاغ یەكێك لە سەركردەكانی شیعە لە وتارێكدا بە ناونیشانی (قادمون یا بەعشیقە) هەڕەشەی لە هێزی پێشمەرگە كردووە و تیایدا لە وەڵامی لێدوانی هەندێك كەس لەبارەی مانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانەی بەدەستی ئەوان رزگاركراوە وتویەتی “ئێمە ئێستا سوپایەكی بەهێز و حەشدی شەعبی بەهێزمان هەیە و هیچ سنوور و تەگەرەیەك نایانوەستێنێت”.

لەبەرامبەر ئەو قسانە دا گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت “بەداخەوە سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند رۆژێك بەسەر ئەم قسانەی بە ناوی ئەو سەركردەیەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عیراقیەوە كە پەیوەندی مێژوویی و دێرین وتێكۆشەرانە بەیەكەوەمان گرێ دەدات بڵاوكرایەوە ، هیچ لێدوانێكمان بۆ بەدرۆخستنەوەی ئەم لێدوانە لەمبارەیەوە نەبینی، ئەگەر هەواڵەكەش ڕاست دەرچو و ئەم لێدوانە لەسەر زاری ئەو بەڕێزە بڵاوكراوەتەوە، ئێمە دووپات لەسەر پەیوەندی مێژوویی و دێرینی نێوانمان دەكەینەوە و ئەگەر هێزی پێشمەرگە و ئازایەتی ئەو هێزانە نەبوایە ، هێزە عیراقیەكان بە تەنیا نەیاندەتوانی ئەو سەركەوتنانەی ئەمڕۆ دەبینرێن تۆمار بكات.

هەروەها گوتەبێژەكە دەشلێت هێزی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا توانی هێڵەكانی پێشەوەی بەرگری تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنێت و وایكرد ئۆپەراسیۆنی قادمون یا نینوی بەردەوام بێت”.

د.ئومێد سەباح دەشڵێت “ئەگەر خاوەنی ئەم لێدوانە دەیەوێ بەو هەڕەشەی هەڵگیرسانی شەڕێكی زاڵمانە بكات ، ئێمە دووپاتی دەكەینەوە لە مێژووی خۆمان دا نموونەی زۆرمان لەو بابەتانەدا بینی و زۆر دوور نییە، ئەوەتا مێژوو شایەدی نموونەی سەدام حسێن و چەكە كۆكوژەكانی و جبەخانەكانیەتی، لە دوای ئەویش رێكخراوی تیرۆریستی داعش كە وەحشیگەری و هێزی زۆر لە سەدام زیاترە و هەمووشیان لە چیا سەركەشەكانی كوردستان تێكشكێندران”.

لەكۆتاییشدا وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان جەختیكردۆتەوە، كە گەلی كوردستان بەرگری لە شارستانیەت و مرۆڤایەتی دەكات و هەر كەسێك بیەوێ بەختی خۆی لەگەڵمان تاقی بكاتەوە دووپاتی دەكەینەوە كە چیا سەركەشەكانمان هێشتا لە شوێنی خۆیاندا ماون.

Back to top button