دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا: بڕیاری دا هەڵبژاردن لە ئیستەنبۆڵ دووبارە بكرێتەوە
دوای ئەوەی پارتەكەی ئەردۆگان لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا لە سێ گەورە شارەكەی ئەو وڵاتە دۆڕا, لە ئێستادا لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئاكامەكانی هەڵبژاردنەكانە بۆیە لە ژێر فشارە بەردەوامەكانی ئاكەپە پێش كەمێك دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئیستەنبۆڵ و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی شارەوانیی گەورە شارەكە دەركرد.
ئەم بڕیارەی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا دوای سووربوونی ئاكپارتیی دەسەڵاتداری توركیا دێت لەسەر دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لەم شارە، دوای ئەوەی كاندیدی جەهەپە سەرۆكایەتی شارەوانی شارەكەی لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا بردبووەوە.
چاوەڕوان دەكرێ ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا كاریگەری خراپ بكاتە سەر بازاڕ و ئابووریی وڵاتەكە، چونكە جەهەپەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا ئەم بڕیارە قبووڵ نەكات، كە گومانی زۆری لێ دەكرێت بەهۆی هەڕەشەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەركۆمارەوە دەركرابێ، لەلایەكی تریشەوە چاوەڕوان دەكرێ هەریەك لە وڵاتانی ئەمریكا و یەكێتیی ئەورووپا رەخنەی توند لەو بڕیارەی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بگرن و بە پێچەوانەی پرەنسیپیەكانی دیموكراسی لێكی بدەنەوە.
بەپێی بڕیارەكەی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا، ڕۆژی 23ی حوزەیران هەڵبژاردن لە ئیستەنبۆڵ دووبارە دەكرێتەوە، بەڵام دیار نیە كە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن قبووڵی دەكەن یان نا.