كەماڵ كەركووكی: پارتی ناوی كاندیدانی بۆ وەزارەتەكان لەسەر بنەمای سیڤی دەبێت

 

دوای ئەوەی پارتی و لایەنە سیاسیەكانی دیكە رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان واژۆكرد, ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت پارتی لەو وەزارەتانەی بەری دەكەوێت وەزیرەكانی لەسەر بنەمای سیڤی یەكڵادەكاتەوە.
كەماڵ كەركووكی كە سەرۆكی شاندی دانوستانكاری پارتی بوو بۆ ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیاند كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە پشوودرێژی توانی یەكێتی و گۆڕان رازی بكات بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەت بكەن.
هەروەها گوتی ڕێككەوتنەكان ئیمزا كران و بڕانەوە، ئیدی رێكارە یاساییەكان دەگیرێنە بەر، دووسبەی پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و رێكارە یاساییەكان لە ماوەیەكی دیاریكراودا جێبەجێ دەكرێن.
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی لە بارەی دانانی كاندید بۆ پۆستە وەزارییەكان، گوتی پارتی لەسەر بنەمای سیڤی بەربژێرەكان دەستنیشان دەكات، ئەو ناوانەی هەن لە مەكتەبی سیاسیی پارتی بە ئامادەبوونی جەنابی سەرۆك بارزانی یەكلا دەكرێنەوە.

Back to top button