عوسمان ئۆجەلان: پەكەكە دروشم و كردارەكانی جیاوازە دەلێن (بێ‌ ئاپۆ ژیان نابە )كەچی هیچ حسابێك بۆ پەیامەكەی ناكەن

 

دوای تێپەڕبوونی ٨ ساڵ بەسەر گۆشەگیركردنیدا، دوێنێ پارێزەرانی ئۆجەلان ئاشكرایان كرد كە لە سەرەتای ئەم مانگەدا سەردانیان كردووە و پەیامێكیشیان بە ناوی ئۆجەلانەوە خوێندەوە, برایەكی ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئاشكرای كرد كە پەیامەكەی ئۆجەلان لەگەڵ خەباتی پەكەكە لە باكوور و ڕۆژئاوا كوردستان یەك ناگرێتەوە.
عوسمان ئۆجەلان، برای عەبدوڵا ئۆجەلان ڕایگەیاند: ”ئەو پەیامەی ئۆجەلان زەحمەتە جێبەجێ بكرێت، چونكە توركیا دەستی لە سیاسەتی شەڕ بەر نەداوە و سیاسەتی ئاكەپە و مەھەپە وەك نەژاد پەرەست لەلایەك و ئیسلامی سیاسیش لەلایەكی دیكەوە، فاشیزم بەرھەم دێنن، بۆیە داخوازیی ئۆجەلان وەك خۆی جێبەجێ ناكرێت“.

ڕوونیشی كردەوە كە لە پەیامەكەی ئۆجەلاندا گرفتێك هەیە، چونكە هەم توركیا و هەم سووریا شەڕ دەخوازن، لە ناوخۆشدا ”دۆخەكە دەكوڵێت و ئاشتی كۆمەڵایەتی ئاستەمە، بەتایبەت دوای ھەڵبژاردنی ئیستەنبۆڵ، رەنگە دۆخی توركیا بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر بڕوات، شەڕی سیاسی و ناوخۆ ئەگەرێك بێت، بۆیە ئاستەمە لەم دۆخەدا توركیا ھەنگاوی ئاشتی بنێت، ئەوەی گرنگە، ئەم پەیامە لە كاتی خۆی نەبووە، بۆیە ئۆجەلان چەندە بەنییەتی باش پەیام ئاراستە بكات، بەڵام ئیمكانیەتی ئاشتی لە توركیا نییە“.

عوسمان ئۆجەلان، دەشڵێت:” داواكاریی سەركردایەتیی پەكەكە ”ڕەوا نییە“ و دەڵێت: ”پەكەكە درووشم و كرداری جیاوازە، ئەوان دەڵێن (بێ ئاپۆ ژیان نییە)، مادام ئەوە درووشمیانە، پێویستیشە داواكارییەكانی ئۆجەلان جێبەجێ بكەن، بەڵام ئەستەمە سەركردایەتیی پەكەكە ئەمە قەبووڵ بكات، ئێستا وای لێھاتووە ئۆجەلان شتێك دەڵێت و سەركردایەتیی قەندیلیش شتێكی دیكە دەڵێت“.

ئەوەشی نەشاردەوە كە ئەگەر ئۆجەلان بیەوێت پەیامەكانی لەنێو پەكەكەدا جێبەجێ بكرێت، ”دەبێت سەركردایەتیی ئێستای پەكەكە بە جەمیل بایك و كاڵكان و قەرەیلانەوە بخاتە لایەكەوە و سەركردایەتییەكی ئاشتیخواز دابنێت“. جەختیشی كردەوە كە سەركردایەتیی پەكەكە لەلایەك و دەسەڵاتدارانی توركیا لە لایەكی دیكەوە، ڕێگە نادەن پرۆسەی ئاشتی سەر بگرێت و بەردەوامی بە شەڕ دەدەن.

Back to top button