ناسر ھەركی : كاتی ئەوەیە ھەرێم داوای پشكی پێشمەرگە لە وەزارەتی بەرگری بكات
بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، دوای ئەوەی مووچەی ھێزی پێشمەرگە لە لایەن بەغداوە دابین كرا، پێویستە حكوومەتی عێراق ١٧%ـی پێداویستیی سەربازی و چەك و تەقەمەنییش بۆ پێشمەرگە رەوانە بكات، بۆ ئەو مەبەستەش بە فەرمی داوا لە بەغدا بكرێت.
د. ناسر ھەركی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووه: مووچەی ھێزی پێشمەرگە جێگیر كراوە و مانگانە لە كاتی خۆی لەگەڵ مووچەی فەرمانبەراندا رەوانە دەكرێت و تا كۆتایی ساڵ بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت، بۆیە ھیچ كێشەیەك نییە و كۆتایی بەو پرسە ھاتووە.
ھەركی گوتیشی: دوای دابینكردنی مووچە، پێویستە ئیدی ھەوڵی ئەوە بدرێت كە لە وەزارەتی بەرگریی حكوومەتی عێراق، لە پێداویستیی سەربازی و چەك و تەقەمەنی، ١٧% بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندیی نێوان ھەردوو حكوومەت خۆشە و پێویستە حكوومەتی ھەرێم بە فەرمی داوا لە بەغدا بكات، بۆ ئەوەی بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت، چونكە مافی ھەرێمی كوردستانە پشكی خۆی وەرگرێت بۆ ھێزی پێشمەرگە و ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە لە لیژنەكەی ھەوڵی جیددی بۆ دەدەین.