عادل عه‌بدولمه‌هدی: له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ داعش له‌ناوده‌به‌ین

سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتیی دەکاتەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان زۆر باشە و راشیدەگەیەنێت، لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە بەردەوامن بۆ راوەدونانی تیرۆریستان لە چەندین ناوچەدا.

لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ھەفتانەیەدا، عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، پەیوەندییان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان زۆر باشە. ئیرادە و متمانەیەکی ھاوبەش بۆ چارەسەری کێشەکان ھەیە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، پەیوەندی ھێزە چەکدارەکانی عێراق لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەدا باشە، بۆ راوەدونانی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و ناوچەکانی دیکەش.

عادل عەبدولمەھدی گوتی: “پەیوەندییمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان زۆر باشە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، کە جیاوازیمان لە بۆچوونەکاندا نییە، ئەمەش شتێکی گرنگە کە ئیرادەیەکی ھاوبەش ھەیە، متمانە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە، ئەمەش بنچینەی چارەسەری کێشەکانە. ھەروەھا پەیوەندی ھێزە چەکدارەکان لەگەڵ پێشمەرگە باشە، بۆ راوەدونانی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و ناوچەکانی دیکەش، ھەماھەنگی باش ھەیە، چەندین ئۆپەراسیۆنی گرنگ لە کەرکووک، لە بیابانی رۆژئاوا، دیالە ئەنجامدراون و تیرۆریستان پێکراون”.

Back to top button