پارتی وەزارەتێك لە كە پشكی خۆیەتی، دەدات بە مەسیحیەكان

سەرۆکی پارتی (بەیت نەھرێن) و سەرۆکی ھاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەزارەتێکی پشکی خۆی بە پیکهاتەیەکی هەرێمی کوردستان دەدات.

ڕۆمیۆ هەکاری، سەرۆکی هاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەوان وەک پێکهاتەی مەسیحی لەگەڵ لایەنی پێکهێنەری حکوومەت لە گفتوگۆدان کە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە.

ڕوونیشی کردەوە کە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی و گۆڕان ”دڵخۆشکەرە“ و کردنەوەی گرێکوێرەیە، بۆیە ”دوای ئەم ھەنگاوە، شاندی پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش جموجۆڵ دەست پێ دەکات، بەتایبەتیش ئەوانەی کورسیی پەرلەمانیان ھەیە“.

هەکاری باسی لەوە کرد کە لە کۆی ٥ کورسیی کۆتی مەسیحییەکان، ئەوان سێ کورسییان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە و ”داواکاریمان لە ڕێگەی فەرمییەوە دایە پارتی دیموکراتی کوردستان کە وەزارەتێکی خزمەتگوزاریمان پێبدرێت، هەروەها پۆستی بەڕێوەبەری گشتی و چەند پۆستێکی دیکەش”.

ئەوەشی نەشاردەوە کە هێشتا بە دیاریکراوی نازانن چ وەزارەتێک بە پێکهاتەکەیان دەدرێت، بەڵام ”دواجار لەگەڵ شاندی پارتی باس لە وردەکاریی ئەو وەزارەتە دەکەین و دواتر بەربژێری خۆمان بۆ ئەو وەزارەتە پێشکەش دەکەین”.

پێشتر بەپێی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان، وەزارەتەکانی یەکێتی و گۆڕان لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بۆیە ئەگەر پۆستی وەزارەتێک بە پێکهاتەی مەسیحی بدرێت، ئەوا پێشبینی دەکرێت کە پارتی لە پشکی خۆی، پۆستەکەیان پێ بدات.

Back to top button