پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك: زەوی هاونیشتمانیانی كورد دەداتە ئەو خەلكە عەرەبەی كە كەس و كاری شەهیدانی شەڕی داعشن
دوای ئەوەی بە هۆی خیانەتی یەكێـتی لە 16ـی ئۆكتۆبەر كەركووك لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران داگیركرا, لەو كاتەوە ئیدارەی شارەكە لە ژێر فەرمانی حەشد لە هەوڵی بە غەرەبكردنی كەركووك و شار بە دەركردنی كوردانی رەسەنی شارەكەن, لە دواهەمین هەوڵیشیاندا, لەگوندی قەرەبەگ لە سنوری شارۆچكەی پردێی سەر بە پارێزگای كەركوك، زیاتر لە سەد دۆنم زەوی كشتوكاڵی كە خاوەنە ڕەسەنەكانیان كوردن و بەشێكیان كراونەتە خانوو، ئیدارەیی شارۆچكەكە هاتوون سەرژمێری ئەو زەویانەیان كردووەو بە خاوەن زەویەكانیان گوتووە، ئەم زەویانە دابەشدەكرێن بەسەر قوربانیانی شەڕی داعش و زیندانە سیاسیەكان وعێراقیش نوسراوی كردووەو داوای دەكات، بەڵام خاوەن زەوییەكان تاپۆیان هێناوە بۆ سەر زەوییەكانیان و دەڵێن: “ڕێگەنادەین كەس زەوییەكانمان داگیربكات، ئێمە سینگمان ناوە بە بەر گوللـەی بەعس و داعشەوە و دەبێت رێگە لەمانەش بگرین، چونكە گەر وابڕوات دێنە هەولێر و دهۆكیش”.
خاوەن زەوی كشتوكاڵییەكانی شارۆچكەی پردێ ، زەوییەكانیان سەد دۆنم زیاترە و حكومەتی عێراقیش دەیەوێت لێیان بستێنێ و دابەشی بكاتەوە بەسەر هێزە عێراقیەكادا.
مام عەزیز، بەتاپۆی زەوییكەیەوە هاتبوو دەیگووت: “بەهەموو شێوەیەك ڕووبەرووی ئەم تەعریبە نوێیە دەوستین”.
رێبوار تەها ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی كێشەوە دەڵێت: “ئەو جۆرە هەوڵ و سیاسەتانە ئاكامەكەی شكستە”.
زەوییەكان هەندێكیان كراونەتە خانوو، هەندێكێشیان هێشتا دەشتاییەكی پان وبەرینن و هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاریان بۆ نەڕۆشتوە، ناوچەكە دەكەوێتە نێوان هێزە عێراقیەكان و پێشمەرگەوە.
دانیشتوانە كوردەكەی ئێرە چاویان لەوەیە لە ڕێگای پەرلەمانی عێراقەوە هەوڵەكانی حكومەت ڕابگیرێت وئەو زەویانەش داگیر نەكرێت.
كێشەی زەوی وزار لە دوای شازدەی ئۆكتوبەرەوە لە ناوچە كوردستانییەكان سەریهەڵداوەتەوە، هەندێك لە كێشەكان ئەوەن كە خێزانە عەرەبەكانی سەردەمی بەعس دەگەرێنەوە سەر زەوییەكانی كورد، ئەم بابەتەیش هێشتا چارەسەر نەكراوە.