هەفتەی داهاتوو دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دەكرێتەوە

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی89 پەرلەمانتار كارا كرایەوە, وا بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی كوردستان دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكاتەوە بە گوێرەی رێككارە یاسایەكان لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵدەبژێردرێت.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: سەرەتای هەفتەی داهاتوو ناوی كاندیدان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم رادەستی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەكرێن.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گوتیشی، پرۆسەكە لەمڕۆوه دەستپێدەكات و‌ تا ماوەی كەمتر لە دوو هەفتە‌ بەردەوام دەبێت و سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت و لە پەرلەمان متمانەی پێ دەدرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، چاوەڕێ دەكرێت رۆژی یەكشەممەی داهاتوو دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە.

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەند هەنگاوێكی یاسایی پێوستە, ماوەی سێ رۆژ دەرگای خۆكاندیدكردن دەكرێتەوە دواتر ناوی كاندیدە پەسەندكراوەكان ئاشكرا دەكرێت و دوو رۆژ ماوەی تانە لێدان دیاری دەكرێت, قۆناغی دوای ئەمە دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە.

Back to top button