ئەبوبەكر كاروانی: سەرۆكایەتیی هەرێم ڕەمزی یەكێتیی خاك و گەلی كوردستانە
ڕۆژی 8-5-2019، بە دەنگی 89 پەرلەمانتار پڕۆژەیاسای پێشنیازكراوی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم كارا كرایەوە، چاودێرانی سیاسیش دەڵێن، سەرۆكایەتیی هەرێم ڕەمزی یەكێتیی خاك و گەلی كوردستانە و دەبێت تەواوی پێكهاتە و هێز و لایەنەكان خۆیانی تێدا ببیننەوە.
سەبارەت بە گرنگیی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم، چاودێری سیاسی ئەبوبەكر كاروانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووه: دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ڕەمزی یەكێتیی خاك و گەلی كوردستانە، هێمایە بۆ سەروەری و جۆرێك لە دەوڵەتداری لە هەرێمی كوردستاندا.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، دامەزراوەیەكی نیشتیمانییە، كە نوێنەرایەتی گەلی كوردستان دەكات بە تەواوی هێز و لایەن و ئایین و پێكهاتە جیاوازەكانەوە.
كاروانی گوتی: دەبێ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەو جۆرە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت كە كۆكەرەوەی تەوژمی هێز و ئایین و مەزهەب و پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان بێت، پێویستە لە سەرۆكایەتیی هەرێمدا، لە چوارچێوەی ستراتیژی نیشتیمانی و كوردستانیدا، هێز و لایەنە سیاسی و كەمەنەتەوە و ئایینەكان خۆیانی تێدا ببیننەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمانییە، نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندید كردووە،
سەرۆك لەم خولەدا دوو جێگری دەبێت كە بەر یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان دەكەون و خودی سەرۆك خۆی دەسەڵاتەكانی جێگرەكانی دیاری دەكات.
ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێ: نێچیرڤان بارزانی ماوەیەكی زۆر سەرۆكی حكوومەت بووە و ئێستاش كاندیدە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ چوار ساڵی ئایندە، كە كەسایەتێكی ناسراوە و دەتوانێت لە پێگەكەی خۆیەوە ڕۆڵێكی بەرچاو لە قۆناخی داهاتوودا ببینێت لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.
كاروانی گوتیشی: دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لەم قۆناغەدا وەك خۆیان ماونەتەوە تا كاتی نووسینەوەی دەستوور، كە دواچار دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتییەكان لە چوارچێوەی دەستووردا دیاری دەكرێن لەئایندەدا.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دوای دەرچوونی یاساكە لە ماوەی سێ ڕۆژدا دەرگای خۆپاڵاوتن دەكرێتەوە بۆ هەر كەسێك خۆی كاندید بكات بۆ سەرۆكی هەرێم، هەروەها دوو ڕۆژیش بۆ تانەلێدان دەكرێتەوە و كۆی گشتیی پڕۆسەكە پێنج ڕۆژ دەخایەنێت.