پارتی لە پشكەكانی خۆی وەزارەتێك بە باوكی شەھید عەتا دەدات

پارتی دیموكراتی كوردستان لە پشکەکانی خۆی، وەزارەتێک بە حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەدات، پەرلەمانتارێكی پارتیش دەلێت”لەبەرامبەر رووڵی باشی محەمەدی حاجی مەحمود لە شەڕی دژی داعشدا، ئەو وەزارەتە بە سۆسیالست دەدەین”.

ھێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند: “دوای یەکلاکردنەوەی پشکی لایەنە سیاسییەکان بۆ کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پارتی لە پشکی خۆی وەزارەتێک بە حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و وەزارەتێکیش بە مەسیحییەکان دەدات“.

گوتیشی: ”محەمەدی حاجی مەحمود، کە سکرتێری حزبی سۆسیالیستە، لە شەڕی داعشدا ڕۆڵکێکی کارای بینیوە، ھەروەھا لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و پرسە نیشتمانییەکان، ھەڵوێستی نیشتمانیی جوانی ھەبووە، ئەمەش وادەکات ئەو کەسایەتییە ڕێزی لێ بگیرێت و پارتی لە پشکی خۆی وەزارەتێک بە حزبی سۆسیالیست بدات“.

هێڤیدار ئەحمەد، ئەوەشی خستە ڕوو، ئێمە لە پێناو یەکڕیزی ئەو کارە دەکەین و ئەو حزبانەی کە ڕۆڵیان ھەبووە لە ھەرێمی کوردستان، پشکیان لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت، لەوانەش حزبی سۆسیالیست و مەسیحییەکان هەریەکەی وەزارەتێکیان دەبێت، ھەروەھا تورکمانەکانیش پۆستی سکرتێری پەرلەمانیان وەرگرتووە.

Back to top button