چیرۆكی ژیانی یۆهان كرۆیڤ داستانه‌ زیرینه‌كه‌ی تۆپی پێ

خواكوڕك

یۆهان ئایكۆنی ئه‌مستردام و بارسیلۆنا، له‌ ڕێكه‌وتی 1947/3/24 لەخێزانێكی هه‌ژار له‌دایكبووه‌، باوكی دوكاندار بووه‌ و رێگر بووه‌ له‌وه‌ى كرۆیڤ یاری تۆپی پێ بكات، به‌ڵام ئه‌و سوور بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وى له‌دوا رۆژدا ببێته‌ی یاریزان.

له‌ منداڵیدا هه‌میشه‌ به‌دزی باوكی ده‌چووه‌ یاریگه‌ى ئه‌وكاتى یانه‌ى ئایاكس ئه‌مستردام و به‌سه‌ر دیواری یاریگه‌كه‌وه‌ ده‌چووه‌ ناو یاریگاكە، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌یری مه‌شقه‌كانى یاریزانانى ئه‌و یانه‌یه‌ بكات، ئه‌و هه‌میشه‌ خه‌ونى به‌وه‌ ده‌دیت رۆژێك ببێته‌ یاریزانى ئه‌و یانه‌یه‌ و له‌و یاریگه‌یه‌دا مه‌شق و یاری بكات.

 

هێشتا ته‌مه‌نى كرۆیڤ 12 ساڵ بوو، باوكه‌ دوكانداره‌كه‌ى مرد و ئه‌ركی به‌خێوكردنى خوشك و براكانى كه‌وته‌ سه‌ر شانى دایكی، به‌ناچاری ده‌ستی به‌ كاری به‌رده‌ست و خزمه‌تگوزار كرد، به‌ڵام ئه‌و رووداوه‌ كرۆیڤی هاندا زیاتر تێبكۆشێت بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ یاریزانێكی پیشه‌گه‌ر.

 

ته‌مه‌نی كرۆیڤ دە ساڵ بوو، له‌گه‌ڵ دایكی ده‌چووه‌ یاریگا، دایكی كاری ده‌كرد و ئه‌ویش له‌گه‌ڵ منداڵانی تیپه‌كه‌ یاری ده‌كرد، تاوه‌كو رۆژێك یه‌كێك له‌ به‌رپرسانی ئایاكس یاریكردنى ئه‌وی بینی و زۆر پێی سه‌رسام بوو، ئیدی كرۆیڤ رێگه‌ی بوون به‌ یاریزانی دۆزییه‌وه‌. لەماوەی حەوت ساڵ، كرۆیڤ توانى له‌ تیپی یه‌كه‌می یانه‌ى ئا‌یاكس ئه‌مستردام یاری بكات، ئه‌وكات یه‌كێك بوو له‌ به‌ناوبانگترین یانه‌كانى هۆلندا و ئه‌وروپا.

 

له‌ ١٩٧٣/١٠/٢٨ خه‌ونى گه‌وره‌ی ئه‌و هاته‌دی كاتێك به‌رامبه‌ر دوو ملیۆن دۆلار چووه‌ ریزه‌كانى یانه‌ى بارسێلۆنای ئیسپانیا، ئه‌و هه‌ر زوو بووه به‌ خۆشه‌ویستى كه‌تالۆنییه‌كان، چونكه‌ دواى ركابه‌رییه‌كی زۆری نێوان ریال مه‌درید و بارسێلۆنا، ئه‌و یانه‌ى كه‌تالۆنییه‌كانى هه‌ڵبژارد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ى فرانكۆی دیكتاتۆری ئیسپانیا، ریال مه‌دریدی به‌ یانه‌ى خۆی ده‌زانى، زۆر هه‌وڵیدا بیباته‌ یانه‌ى شاهانه‌، به‌ڵام كرۆیڤ پێیگوت “نه‌خێر”.

 

هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هانده‌رانی بارشا نازناوى “سلفادۆر”یان به‌ كرۆیڤ به‌خشی، به‌ مانای “دڵسۆز” دێت. ئاستى جه‌ماوه‌ریه‌تی كرۆیڤ لای كه‌تالۆنییه‌كان گه‌یشته‌ رادده‌یه‌ك، ده‌یتوانى خۆپیشاندانى گه‌وره‌ رێك بخات، له‌ ساڵی 1976 هانس فایسمۆله‌ری راهێنه‌ری بارشا له‌ یارییه‌كدا به‌رامبه‌ر یانه‌ى سڤیلیا، ئه‌ستێره‌ی هۆڵه‌ندی گۆڕی، ئه‌مه‌ كرۆیڤی تووڕه‌ كرد و له‌سه‌ر داوای ئه‌و 60 هه‌زار هانده‌ر بۆ خۆپیشاندان رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای له‌سه‌ركارلابردنى راهێنه‌ریان كرد، ته‌نانه‌ت ئه‌وكات كرۆیڤ گوتى “راهێنه‌ر واده‌زانێت خۆی ئه‌ستێره‌ی یه‌كه‌مى بارشایه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ منم”.

 

به‌ر له‌وه‌ى كرۆیڤ ببێته‌ یاریزانى بەرشلۆنا، یانه‌ى ریال مه‌درید ماوه‌ی 14 ساڵ به‌ته‌واوی ده‌ستی به‌سه‌ر تۆپی پێی ئیسپانیادا گرتبوو، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى كرۆیڤ بووه‌ یاریزانی بارشا، هاوكێشه‌كه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ بووه‌وه‌و بارسا باڵاده‌ست بوو. له‌ مۆندیالى 1974دا كرۆیڤ توانى هه‌ڵبژارده‌ى وڵاته‌كه‌ی بگه‌ینێته‌ یاری كۆتایی مۆندیال، به‌ڵام بۆ مۆندیالى 1978 به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بڕیاریدا به‌شداری له‌ مۆندیالى 1978دا نه‌كات، ئه‌وكاتە هه‌موو هۆڵه‌ندییه‌كانى له‌خۆی تووڕه‌ كرد و به‌ “خائین و خۆفرۆش” ناویانبرد، به‌ڵام كرۆیڤ دواى 30 ساڵ، واته‌ له‌ ساڵى 2008 له‌ دیمانەیەكدا نهێنی ئه‌و بڕیاره‌ی ئاشكرا كردو گوتى “چه‌ند چه‌كدارێك به‌ چه‌كه‌وه‌ هاتنه‌ سه‌ر شوقه‌كه‌م و به‌ به‌رچاوی هاوسه‌ر و كوڕه‌كانمه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیان لێكردم ئه‌گه‌ر به‌شداری له‌ مۆندیالدا بكه‌م”.

 

كرۆیڤ ئالووده‌ بوو به‌ جگه‌ره‌كێشان و خۆی دانی به‌وه‌دا نابوو جگه‌ره‌ دوژمنی گه‌وره‌ی ئه‌وه‌. گوته‌یه‌كی به‌ناوبانگی له‌و باره‌وه‌ هه‌یه‌و ده‌ڵێت “جگه‌ره‌ تۆپی پێ و ژیانی لێ سه‌ندووم، له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شاری بەرشلۆنە له‌ ئامێزی هاوسه‌ره‌كه‌ی و كچه‌كانى گیانی سپارد، به‌ڵام ئه‌وكات یۆردی كرۆیڤی كوڕی له‌وێ نه‌بوو، چونكه‌ ئه‌و رۆژه‌ له‌ فه‌له‌ستین بوو، چونكە به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشی یانه‌ى ماكابی حه‌یفای ئیسرائیلیی بوو.

سه‌رچاوه‌

The Famouse People Johan-Cruyff

Amsterdammer

Back to top button