راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسی پارتی: هیچ بەربەستێك بۆ كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان نەماوە

 

دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هەریەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم واژۆكرد, ئەمڕۆ راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، زەمینە بۆ كۆبوونەوەی سێ قۆڵیی هەریەك لە پارتی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ڕەخساوە و ”ئێمەش ئەو كۆبوونەوەیەمان پێ باشە“.
عارف ڕوشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاندووە: “پێمان باشە كۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە نێوان “پارتی و یەكێتی و گۆڕان”دا بكرێت، ئەو سێ ھێزە دەبێ خۆیان ئامادە بكەن بۆ ئەوەی لەسەر بەرنامەی حكوومەت ڕێوشوێنی كردەیی بگرنە بەر و میكانیزمی لەبار دابڕێژن”.
ئەو ڕاواێژكارەی مەكتەبی سیاسیی پارتی جەختی كردەوە كە گرنگترین خاڵ بەلای ئەوانەوە، بەرنامەی حكوومەت و جێبەجێكردنی بەرنامەیەكەیە.
دووپاتیشی كردەوە: ”بە ھەموو پێوەرێك ئێستا ھیچ ڕێگرییەك لە پێش ئەو كۆبوونەوەیەدا نەماوە. دەست بەكاربوونی كابینەی نوێ وا دەخوازێت كۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە نێوان “گۆڕان و پارتی و یەكێتی”دا ئەنجام بدرێت، شوێنی كۆبوونەوەكەش نابێتە كێشە، بەڵام دیارە پایتەخی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو كۆبوونەوەیە شوێنە گونجاوەكە دەبێت”.

Back to top button