پێشبینی..عێراق و هەرێم بەم شەش قۆناغە تێپەڕ دەبن!!

راپۆرت: تەنیا كوردی

وادەیەکی کورت
……………….
بە دەسەڵاتی ئێستایبێ ئێران کە دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنانەی ئەتۆمی، تاران گرەنتی تەواو دەدات بە هەولێر کە ئەگەر بێت و خاکی کوردستان نەبێتە شوێنی لاوازکردنی ئێران لە داهاتوودا و هەروەها پێوەندی نێوان هەولێر و تاران بچێتە قۆناخێکی نیمچە هاوپەیمانێتی بۆ پڕۆژەیەکی هاوبەش لە عێراقدا، ئەوا تاران لەماوەیەکی زەمەنی کورتدا تێکڕای ئەو گەمارۆیە ئیرهابییە فکرییەی هەم لە سلێمانی و هەمیش لەبەغدا بۆسەر هەولێر هەیە رایدەگرێ و تەواوی هێزە ئینتما ئێرانییەکان لە سلێمانی بێدەنگ دەکات و دەیانوەستێنێ و رەوتی سیاسی سلێمانی دەخاتەوە چوارچێوەی پاکێجی هەولێرەوە، ئێران بە لاوازترین تەمەنی سیاسی خۆی تێپەڕدەبێ، بەرەی شەڕی دژ بە ئێران لە سووریا زۆر فراوانبووە، ئێران رێگەی دەرچوونی لە نێو گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی ناویندا زۆر کەمە، لە لوبناندا بردیەوە بەڵام سووریا دەدۆڕنێ، دۆڕانی سووریایش واتە لە لە دەستدانی عێراق. بۆیە ئێران تاکە رێگەی سازشکردنە بۆ هەولێر، سازشکردنی ئێران بۆ هەولێر لەبەر ئەوە نا کە ئێران خەونی سەربەخۆیی کوردستان رابگرێ، ئیدی ناتوانێ، بەڵکوو لەبەر گوشاری نێودەوڵەتی و ئەو گۆرانکارییە خێرایانەی کە بەزووی روودەکەنە ناوچەکە، هەروەها لە عێراقیشدا تەواو هاوکار دەبێ کە پێگەی هەولێر لە نێو هاوکێشەی رێککەوتن لەگەڵ لایەنی شیعەدا بەبەرزی لەبەرچاو بگیرێ. بۆچی؟ چونکە ئێران بە دەسەڵاتی ئێستای پاڵپشتیی بەریتانیای لە دەستداوە و ئێرانێکی بێ پاڵپشتی بەریتانیایش کە چەندین ساڵە پشتگیری کردووە بە بچوکی لە رۆژهەڵاتی ناویندا دەمێنێتەوە، هەروەها رووسیا شوێنپێی ئابووری خۆی لە هەرێم دۆزیەوەتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش گوشاریان لەسەر بەغدایە کە دەبێ لە چوارچێوەی دەستووردا مافەکانی هەرێم بدرێ، بۆیە ئێران بە گەڕانەوە بۆ هەولێر دەتوانێ سەقامگیری خۆی زیاتر لە عێراق دەستکەوێ، ئەم پێشبینە لە ئەگەری مانەوەی دەسەڵاتی ئێستای ئێرانە لە عێراقدا. لە ئەگەری گوشارخستنە سەر ئێران بە ئاراستەی سنووردارکردنی و گۆشەگیرکردنی لە عێراقدا رووداوەکان زیاتر بە گەشەی هەولێر پەرەدەسەنن، چونکە هەولێر لەو روانگەیە دەچێتە هەر هاوپەیمانێتیەکەوە کە کێ زیاتر لە پای تەرازوودا سەنگی کورد قورستر دەکێشێ.

بەشی یەکەمی رووداوەکان.. ١٦ ئۆکتۆبەر
……………………………………………..
پارتی لە نزیکەوە لە جموجۆڵی بەغداوە دەیزانی لە ١٦ ئۆکتۆبەر چی روودەدات، دەیزانێ کە بەغدا بە پاڵپشتی حەشد و هێزە عێراقییەکان بۆسەر کوردستان لەشکرکێشی دەکات، بە تەواوی باوەڕیشەوە دەیزانی کە بەشێکی یەکێتیی بەرگری لە کەرکووک ناکات، بە تەواوی باوەڕیشەوە دەیزانی کە ئەمەریکا لە کەرکووک هیچ بۆ کورد ناکات. بۆیە ئێستا دەسپێکی ئاسایبوونەوەی رووداوەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە و رێککەوتنێکی هاوبەش لە سیاغەدایە، بەڵام لە ئەگەری خێرابوونی رووداوەکان لە دژی ئێراندا و گۆشەگیرکردنی، جۆرێکی دیکەی رێککەوتن دێتەپێش ئەویش بریتی دەبێ لە هەڵسانەوەی پێگەی کورد و سوونە بە خێرای لە ناوچەکەدا و شەڕی شیعە و شیعەیش بە دوورنازانرێ، چونکە شیعەی ئینتما عەرەبی دەیەوێ شوێنپێی لە عێراقدا بەهێزبێ و سەرکەوێ بەسەر شیعەی ئینتما ئێرانی، ئەم جەنگە چ بە رێگەی مەیدانی سەربازی بێ، یان بەڕێگەی هەڵوەشانەوەی حەشدو گۆشەگیرکردنیان یان بڕینی سەرچاوەی دارایی لێیانەوە.

بەشی دووەمی رووداوەکان
…………………………
هەولێر دەزانێ دەگەڕێتەوە ناوچە کوردستانییەکان، دەزانێ بە ئابوورییەکی بەهێزتر هەولێر پێگەی لە نێو هاوکێشەی ئابووری عێراق جێگیرتر دەبێ، دەشزانێ کە داهاتووی ئابووری هەرێم لە هەڵسانەوە دەبێ، دەشزانێ کە لە ماوەی دابێ رۆسنەفت و بی پی هاویەشی دەکەن بۆ رێککەوتن لەسەر نەوتی کەرکووک و پشکی هەولێر لە نەوتی کەرکووک لە هەردوو کێڵگەی بای حەسەن و هاڤانە دەدرێ، رووسیا و بەریتانیا دوای هەڵبژاردن بە خێرای دەچنە ئەو رێککەوتنەوە، بەشێوەیەکی گشتیی هەرێم شوێنی هەناردەی نەوتی کەرکووک دەبێ ئەگەر هیچ رێککەوتنێکیش نەبێ، کەوایە جیوگرافیای هەرێم هێڵی سەرەکی هەڵسانەوەی ئابووری دەبێ. هەورەها رۆسنەفت جگە لە هەناردەی نەوت و غازی سرووشتی بواری دەرهێنانی نەوت تا نزیک سنووری کەرکووک درێژدەکاتەوە.

بەشی سێیەمی رووداوەکان
…………………………
-رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بە سەرپەرشتیی ئەمەریکا و ئێران دەبێ، هەریەکەیان بە جۆرێک ئاگاداری رێککەوتنەکە و قسەی فەرمیی خۆیان دەبێ، ئێران بە دەسەڵاتی ئێستای لەو شوێنەدا بەشداردەبێ کە هەولێر دەبێ بگەڕێتەوە نێو هاوکێشەی بالانسی سیاسی لە عێراق لە بەدیلی سوونەدا و لەگەڵ شیعە رێککەوتنێکی هاوبەش بۆ ئیدارەدانی عێراقی فیدرال.
-ئەمەریکا لەو شوێنە بەشداردەبێ کە هەولێر لەگەڵ عێراقدا بتوانێ سەقامگیری ئەمنی لە ناوچە ئابوورییەکاندا دروست بکات، هاوبەشی پێشمەرگە و هێزی عێراقی ببێتە بەربەستیکی گەورە لە بەردەم میلیشیای شیعەدا.
-سوونەکان ئەگەر دەنگ بەدەستبێنن ئەمەریکا دەیەوێ لەچوارچێوەی پاکێجی کوردا لەگەڵ شیعە بیانخاتە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.
-بەڵام ئەگەر ئێران ئێران گۆشەگیرکرا ئەوا عێراق بە قۆناغێکی سەختی شەڕی نێوخۆییدا گوزەر دەکات، یان دەبێ شیعە قبووڵی بێ کە لەژێر هەیمەنەتی سعوودیە و ئیسرائیل و ئەمەریکا لە دەسەڵاتدا بمێننەوە.

بەشی چوارەمی رووداوەکان
………………………….
ئێران بە دەسەڵاتی ئێستای و ئەمەریکا دەکەونە جوڵە لە دژی یەکتر، کارتەکانی ئێران بریتی دەبێ لە بەرکاهێنانی شیعە لە ناوچەکەدا بۆ تێکدانی سەقامگیری عێراق، کارتی ئەمەریکا بریتی دەبێ لە بەکارهێنانی سوونە و رێخۆشکردن بۆ بۆشایی ئەمنی بۆ تێکدانی سەقامگیری ئێران لە عێراق، کورد بینەرێکی تەواوی ئەو شانۆیە سیاسییە دەبێ، چونکە ئەمەریکا چاوڕێی راپەڕینی جەماوەری نێو ئێران دەبێ.

بەشی پێنجەمی رووداوەکان
………………………….
هێڵی هەولێر بە تورکیا و هێڵی هەولێر بە سووریا دەبێتە ناوەندی دانانی نەخشەیەکی سیاسی بۆ چۆنیەتی دروستبوونەوەی هەیکەلی عێراق لە ناوچەکەدا، ئەمە لە ئەگەری بچوکبوونەوەی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکەدا یان بە دەسەڵاتێکی نوێ ئێران، گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر کورد ئەو کات شیعە نابێ، بەڵکوو سوونە دەبێ، بۆیە عێراق دەچێتە قۆناخێکی دابەشکردنی جیوگرافی، هەرێمی سوونە و شیعە هەیکەلی بۆ دادەنرێ و عێراق وەک وڵاتێکی سێ مەرکەزی دەسەڵات لە چوارچێوەی دەسەڵاتی پەرلەمانی لە حکوومەتێکی ناوەندی لاوازدا دەبێتە فیدراڵی واقیعی، لە ئەگەری بچوکبوونەوەی دەسەڵاتی ئێراندا یان هەرجۆرە گۆڕانکارییەک لە دەسەڵاتی ئێراندا داڕشتنەوەی هەیکەلی عێراق لە چوارچێوەی فیدراڵییەکی هەرێمی سێ دەسەڵاتی کۆکراوە لە ناوەندێکی لاوازدا خێراتر دەبێ.

بەشی شەشەمی رووداوەکان
……………
جیابوونەوەی کورد لە عێراقدا دەبێتە ئەمری واقیع، چونکە لەسەر نەخشەی سیاسی ئێستای سایکس-پیکۆ جارێکی دیکە لە سووریا و عێراقدا هەرێمی نوێ لە دایکدەبن، بەرژەوەندی ئابووری هەرێم لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و پڕۆژەی نەوت و غازی سرووشتی و جیوگرافیای کوردستان خۆی وڵاتان بەدوای خۆی دێنێ بۆ ئەوەی پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بکەن، تورکیا و ئێران یان بە دەسەڵاتێکی گۆشەگیر، یانیش بە ئێرانی نوێ، ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەلمانیاو رووسیایش باشترین بژاردە بۆ عێراق لە کۆنفیدراڵی دەبینن، چونکە چارەنووسی کۆتایی عێراق یان دەبەشبوونە بۆ سێ دەوڵەت، یان کۆنفیدرالی و سەربەخۆیی، چونکە دواجار هەرێمەکان نفووزیان بۆ سەربەخۆیی هەڵدەکشێ.

Back to top button