خۆكوژەكەی دوێنێ شەوی بەغدا كورد بوو
رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوە تیرۆریستییەکەی بەغدای پایتەختی عێراق، راگەیاند و ئاشكراشیكرد كە خۆكوژەكە كوردە.
شەوی پێنجشەممە 9-5-2019، خۆکوژێک لە ناوچەی جەمیلەی بەغدا خۆی تەقاندەوە و بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەست دا و 10ـی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ هەینی 10-5-2019، داعش لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند و بڵاوی کردەوە، کە تیرۆریستێک بەناوی جەڕاح کوردی خۆی تەقاندووەتەوە.
بەهۆی ناکارایی هێز و میلیشیا عێراقییەکان، چەکدارە تاوانکار و تیرۆریستەکان بەردەوام کردەی تاوانکاری و تیرۆریستی لە شار و ناوچەکانی ئەو وڵاتە، ئەنجام دەدەن و داعشیش لە هەموو ناوچەکانی ئەو وڵاتە دەستی بە جوجۆڵ کردووەتەوە.