پێنج خراپترین جۆری خۆراك بۆ داخوران و ئازاری جومگەکان

بێگومان هەمووان تووشی گرژبوونی ماسولکەکان “تشنج” و ئازاری دەبین، بەڵام رەنگە هەندێک کات زۆر دووبارەبێتەوە بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانین،  لەمبارەیەوە د. ھەڤین کەمال شا محەمەد  پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج و شاره‌زا له‌ چاره‌سه‌ری فه‌قه‌رات و نه‌خۆشی جومگه‌کان بێ نه‌شته‌رگه‌ری، هاوکات ئەندامی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ ئازار شکاندن، ئەو خۆراکانە دەخاتەڕوو کە کاریگەری سلبیان هەیە:

1-شەکر


توێژینەوەکان سەلماندویانە ئەو خواردنەوانەی ڕێژەی شەکریان زۆرە زیانبەخشترین خواردنەوەن بۆ ئێسک و جومگە، جگە لەوەی کالۆری زۆریان تێدایە و کێش زیاد دەکەن، خواردنەوەی کۆلا و سۆدا، نوقڵ،بسکیت، شیرنەمەنیەکان، ئایس کرێم، ھەموو ئەو خواردنانەی ڕێژەی شەکریان زۆرە ھەوکردن زیاد دەکەن لە جومگەکاندا، هەربۆیە باشترە ئەوانەی ئازاری بەردەوامیان ھەیە لە جومگەکانیاندا دوورکەونەوە لە خواردنی شەکر بە تایبەتی شەکری دروستکراو.

2-ھەندێک جۆر لە سەوزەواتەکان کەپێ دەوترێت (nightshade vegetable ) : 


وەک پەتاتە، تەماتە، باینجان، توتن، لەبەرئەوەی کاریگەریان ھەیە لەسەر میتابۆلیزمی کالیسیۆم لە لەشدا، لەبەرئەوەی ماددەی ئەلکەلۆیدیان زۆرە وادەکەن کالیسیۆم لەسەر بەستەرو ژێی ماسولکەو کرکڕاگە و جومگەکان کۆبنەوە، دەبنە ھۆی ھەوکردنی جومگەکان و ئازار، لەو کەسانەشدا زیاترە کە خۆیان ھەوکردنیان ھەیە.

3-برژاوەکان و سورەکراوەکان: 


ھەر خواردنێک بە گەرمیەکی زۆر ئامادەبکرێت وەکو خەڵوز یان سورکردنەوە لە ژێر ئاگرێکی زۆر زیادا زیانی هەیە، چونکە ماددەیەکی زیانبەخش دروستدەکات کە دەبێتەهۆی هەوکردن و ئازار بۆ  ئێسک و جومگەکان و تێکیدەشکێنێت، پێی دەوترێت (advanced glycation end)، بە پێچەوانەوە خواردن ئامادەکردن بەڕێگەی کوڵان، یاخود بە ھەڵمکردن، دروستبوونی ئەم ماددەیە کەمدەکاتەوە و ڕێگری لە ھەوکردن و ئازار دەکات، زۆربەی خەڵک نازانێت کە لەوانەیە زیادکردنی ئازاری جومگەکانیان لە وەرزی بەھار و ھاویندا بگەڕێتەوە بۆ ئەو برژاوانەی دەیخۆن لەکاتی گەشت و سەیراندا .

4-خواردنە ئامادەکراوەکان وەک فاست فود و خواردنی ناو قوتووەکان و ئەوانەی لە زەیتی زۆردا سور دەکرێنەوە:

 
لەبەرئەوەی زەیتە ڕووەکیەکان ماددەی ئۆمیگا شەشی زۆر تێدایە، بەکارھێنانی زۆری ئۆمیگا شەشیش لەڕادەی پێویست زیاتر دەبێتە ھۆی دروست بوونی ھەوکردنی جومگەکان و زیادکردنی ئازار .

5-ئیشی ھەویر بەگشتی، پاستا و مەعکەرۆنی واتە ئەوانەی ماددەی گلۆتینیان تێدایە:


ھەموو جۆرێک لە دانەوێڵە ناتەواوەکان وەکو ئاردی سپی، برنجی سپی، مەعکەرۆنی، ئەمانە ھەموو جیاوازیان نیە لەگەڵ شەکر و ھەوکردنی جومگەکان و ئازار دروست دەکەن، چونکە دوای ھەرس لە لەشدا دەبن بەشەکر، شەکریش ھەوکردنی جومگەکان زیاد دەکات و ڕێگادەکرێت لەشکانی فایبرین “ماددەیەکی پرۆتینیە لەکاتی ھەبوونی ھەوکردندا تێکدەشکێت و دەبێتە ھۆی چاکبوونەوەی ھەوکردن” بۆ جومگە ھەوکردووەکە و چاکبوونەوەی، بەپێچەوانەوە شەکر دەبێتە ھۆی کۆبوونەوەی فایبرینە کە لەسەر جومگەکان و ئازار دروست دەکات.

Back to top button