ئەمڕۆ خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەست پێ‌ دەكات

بڕیارە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە و تا ئێستە یەك پاڵێوراو هەیە.

بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان دەست پێ‌ دەكات.

بەپێی ناوەڕۆكی یاساكە دوای سێ‌ ڕۆژ لە پەسەندكردنی دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ هەر كەسێك كراوەیە بەپێی ئەو مەرجانەی لە یاساكە هاتووە بۆ ماوەی سێ‌ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان پڕۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە پێشتر خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كرابوو خرایە دەنگدان و 89 دەنگی بەڵێی بەدەست هێنا.

بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دوای دەرچوونی یاساكە، لە ماوەی سێ‌ ڕۆژ دەرگەی خۆپاڵاوتن دەكرێتەوە بۆ هەر كەسێك خۆی كاندید بكات بۆ سەرۆكی هەرێم، هەروەها دوو ڕۆژیش بۆ تانە لێدان دەكرێتەوە و كۆی گشتی پرۆسەكە پێویستی بە پێنج ڕۆژە.

دوای ئەو پێنج ڕۆژە لە هەفتەی داهاتوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان دێتە هەڵبژاردن، لەدوای دەستبەكاربوونی، سەرۆكی هەرێم فراكسیۆنی زۆرینە لە پەرلەمان ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەی كاندیدیان دیاری بكەن بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

 

Back to top button