“دەیان ھەزار دەنگدەر لە نێوان دھۆك و مووسڵدا چارەنووسیان نادیارە”
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، دوو كێشە بۆ دەنگدەرانی پارێزگای نەینەوا دروست كراون و دەڵێ، دەیان ھەزار دەنگدەری كورد لە نێوان پارێزگای دھۆك و مووسڵدا مافیان دەفەوتێت.
مەناف حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنەكانی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: “كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ھیچ ھاوكار نییە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەران لە شاری دھۆك، چونكە ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی مووسڵ لە شاری دھۆكن و پێویستە كۆمسیۆن پارە و كارمەند بۆ ئۆفیسی دھۆك دابین بكات، چونكە بێ دابینكردنی میزانییە و كارمەند، پڕۆسەكە بە خاوی بەڕێوە دەچێت”.
بەرپرسی ھەڵبژاردنەكانی پارتی لە مووسڵ دەشڵێت” “لەوەتەی قۆناغی دووەمی بایۆمەتریی دەنگدەران دەستی پێكردووە، ژمارەی بەشداریی ئاوارەكانی مووسڵ، ئەوانەی نیشتەجێی پارێزگای دھۆكن، وەك پێویست نییە، ئەمەش بۆ كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەگەڕێتەوە، كە پێویستە تیمی زیاتر بۆ دھۆك دابین بكرێن و كار بۆ ئەوە بكرێت زۆرترین ھاووڵاتی تێیدا بەشدار بن”.
حەسەن زانیارییەكی دیكەشی لەبارەی دەنگدەرانی كوردی مووسڵەوە ئاشكراكرد و گوتی: “دوای شەڕی داعش، حكوومەتی عێراق كارتی دەنگدانی ژمارەیەكی بەرچاوی ھاووڵاتیانی مووسڵی گواستووەتەوە بۆ سەر پارێزگای دھۆك، لە ئێستاشدا كێشەیەكی گەورە بۆ ئەو دەنگدەرانە دروست بووە و پارێزگای دھۆك ناتوانێ لەسەر خۆیان بكات بە ماڵ و نەینەواش وەریان ناگرێتەوە”.
لەبارەی ژمارەی ئەو دەنگدەرانەوە، مەناف دەڵێت: “ژمارەیان ٦٠ ھەزار دەنگدەر دەبێت و زۆربەی كوردن و خەڵكی ناوچەكانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقن، بەپێی یاساش ئەمانە ھەموویان فۆڕمی خۆراكیان مووسڵە و پێویستە كارتی بایۆمەتریی مووسڵیان بۆ دەربهێندرێت”.