حەشدی شەعبی: هەر كەسێك لە كەركووك پانتۆڵی كورت و سێ چارەگی لە بەردابێت دەستگیردەكرێت
دوای ئەوەی بەهۆی خیانەتی یەكێـتی لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 كەركووك لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران داگیركرا, لەو كاتەوە شارەكە بە حوكمی سەربازی بەڕێوەدەچێت, ئازادیەكانی بە تایبەت بۆ خەلكی كورد بەرتەسك كراوەتەوە, لە دواهەمین بڕیار فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی كەركووك هەر كوڕێك لە شاری كەركووك پانتۆڵی سێ چارەك و شۆرت لەبەر بكات دەستگیر دەكرێت.
عەقید ئەفراسیاو كامیل، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای كەركووك ڕایگەیاند: “بە بڕیاری فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنی كەركووك لەبەركردنی پانتۆڵی سێ چارەك و شۆڕت و ڕازاندنەوەی ڕووخساری كوڕان قەدەغەكراوە و ھەركەسێك سەرپێچی لەو بڕیارە بكات دەستگیردەكرێت”.
گوتیشی: “ھۆكاری قەدەغەكردنی پانتۆڵی سێ چارەك بۆ گەنجام دەگەڕێتەوە بۆ سكاڵای چەند ھاووڵاتیەكی شارەكە، چونكە پێیان وایە لەبەركردنی شۆڕت و پانتۆڵی سێ چارەك سیمایەكی ناشرینی ھەیە و ناكرێت گەنجان وەكو ئافرەت خۆیان دەربخەن”.
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای كەركووك، ئاماژەی بە ئەوەش دا، ئەو بڕیارە چووەتە باری جێبەجێكردنەوە و چیتر ڕێگە نادرێت گەنجان شۆڕت و پانتۆڵی سێ چارەك لەبەر بكەن، یاخود ڕووخساری خۆیان هاوشێوەی ئافرەت بڕازێننەوە.