سەرۆكی لیژنەی یاسایی پهرلهمانی عێراق: كەس ناتوانێ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ببڕێت
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئهنجومهنى نوێنهرانى عێراق، رەتی كردەوە كە ھیچ كەسێك بتوانێ لە بەغداوە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان ببڕێت و دەڵێت، بە پێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم گەرەنتی كراوە.
سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندبوو، تا ئێستا ھەرێمی كوردستان ھیچ نەوتێكی رادەستی بەغدا نەكردوە و پێشبینی دەكرێت لەمەودوا حكوومەتی عێراق ھیچ بڕەپارەیەك رەوانەی ھەرێمی كوردستان نەكات ئەگەر نەوت رادەستی بەغدا نەكرێت، كە بۆ ھەر رۆژێك ٢٥٠ ھەزار بەرمیلە.
رێبوار ھادی، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئهنجومهنى نوێنهرانى عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووه: یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ ئاشكرایە و لە ماددەی ١٠ی نێو یاسای بودجەدا ئاماژە بە پرسی ناردنی مووچە و بودجەی ھەرێمی كوردستان كراوە، ئەگەر ھەرێمی كوردستان نەوت لە رێگەی عێراقەوە ھەناردە بكات، بەشەی بودجەی ھەرێمی كوردستان دابین دەكرێت، بەڵام لە ئەگەری رادەستنەكردنی نەوت، بەغدا پابەندە بەوەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دابین بكات.
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئهنجومهنى نوێنهرانى عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ھیچ رێگەیەكی یاسایی نییە بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە، لەبەر ئەوەی ئهنجومهنى نوێنهرانى عێراق دەنگی لەسەر داوە و ئەركی وەزیرانی دارایی و نەوتی عێراقە بەو شێوەیە جێبەجێی بكەن.
ھادی، سەبارەت بەو لێدوانانەی لەبارەی بودجە و مووچەی ھەرێمی كوردستانەوە دەدرێن، گوتی: ئەوە بۆچوونی شەخسەكانە و ئێمە بە یاسا كار دەكەین، بۆیە كەس ناتوانێ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان ببڕێت و یاساكە تێپەڕیوە.