گرووپێکی یەکێتی دەست بەسەر زانكۆ و پەیمانگاكاندا دەگرێ
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ڕێی مەڵبەندی یەكی سلێمانییەوە زۆرترین مامۆستای زانكۆكانی نزیك لە بەرپرسانی یەكێتی دەكاتە كارگێڕی كۆمیتەی زانكۆ، كە بەمەبەست لەو كارەی دەست بەسەرداگرتنی زانكۆ و پەیمانگاكە تا هەر كەسێك لە زانكۆكانی سنووری سلێمانییەوە دژایەتی یەكێتی بكات كۆنترۆڵی بكات.
بەپێی بەڵگەنامەیەك، دەركەوتووە كە مەڵبەندی یەكی یەكێتی لە سلێمانی بڕیاری داوە بە دانانی حەوت كەس بۆ ڕێكخستنی كۆمیتەی زانكۆ كە ئەو حەوت كەسە پلەی كارگێڕی مەڵبەندیان هەیە.
بەپێی بەڵگەكە ئەوانەی ناویان هاتووە مامۆستای زانكۆن و بە ناوی د. سامان فەوزی پەرلەمانتاری پێشوو و مامۆستای زانكۆ دەست پێ دەكات و بەناوی ئاراس عومەر كەریم كۆتایی دێت.
یەكێتی لە رێی ئەو كارەیەوە دەیەوێ بە تەواوی زانكۆ و پەیمانگاكانی سلێمانی بخاتە ژێر دەسەڵاتی حزبی خۆیەوە و هەر دژایەتییەك هەبێت كۆنترۆڵی بكات.
ئاشنا عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ئاگاداری وردەكاری ئەو كارانەی یەكێتین كە لەناو زانكۆ و پەیمانگاكانی سنووری سلێمانی ئەنجامی دەدات.
ڕوونی كردەوە كە بڕیار دراوە بەدواداچوون بۆ ئەوكارە بكرێ بۆ ئەوەی رێگری لە بەحزبیكردنی زانكۆكان بكرێت.
هاوكات یەكێك لەوانە بەناوی پێشڕەو حەمەجان برای حاكم قادر حەمەجانی بەرپرسی مەڵبەندی یەكی یەكێتییە لە سلێمانی و د. حەكیم عوسمان زاوای حاكم قادرە.
ئەوە لەكاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ 15 كۆمیتەی یەكێتی دژایەتی خۆیان بۆ ئەو گۆڕانكاریانەی مەڵبەندی یەكی یەكێتی دەربڕیبوو.