هەولێر و بەغدا لەبارەی چەند خاڵێکی پەیوەست بە کاری بازرگانییەوە ڕێککەوتنێکیان ئیمزا کرد

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، شاندی حکوومەتی ھەرێم و بەغدا لەسەر چەند خاڵێک لە بواری بازرگانیدا ڕێک کەوتن و ڕێککەوتنەکەش ئیمزا کرا.

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نەوزاد ئەدھەم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە: “شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی عێراق کۆ بووینەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی کۆمەڵێک خاڵەوە کرا، لەوانە ھاوردە و هەناردە و داھاتی خاڵە سنوورییەکان و وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و دانی موستەحەقاتی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان.”

نەوزاد ئەدھەم گوتیشی: “ڕێککەوتنێک ئیمزا کرا لەسەر چەند خاڵێک، ئەویش حکوومەتی عێراق بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێم بۆ ئەمساڵ لە٣٤٠ھەزار تەن زیاتر بکات و وەزیری بازرگانیش باسی لەوە کرد، سەرۆکوەزیران ڕەزامەندیی داوە کە موستەحەقاتی جووتیارانی ھەرێم بدات و لە ھەرێمی کوردستانیش ھاوشێوەی بەغدا سێرڤەرێک دەبێت و مۆڵەت دەدرێتە ئەو کۆمپانیایانەی کاری ھاوردە و هەناردە دەکەن، کە ژمارەیان سێھەزار کۆمپانیایە و پێشتر ڕێگەیان پێ نەدەدرا لە بەغدا کار بکەن و ئێستا ئەوەش چارەسەر بوو.”

ئەدھەم باسی لەوەش کرد: “جگە لەوەش، لە ڕێککەوتنەکەدا ھاتووە، ھەموو داھاتی خاڵە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی داراییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا ھیچ لارییەکی نییە.”

ئەدھەم گوتیشی: “ڕێککەوتنەکە ئیمزا کراوە و کۆتاییی پێ ھاتووە و تەنیا ھەندێک خاڵ ماوە، ئەویش پێویستی بە دەرکردنی یاسا لە پەرلەمان ھەیە.”

Back to top button