لە ڕێوڕەسمێکی سەربازیدا پێشوازی لە تەرمی شەهید عەمید ئەسەکەندەر کرا

ئەمڕۆ تەرمی شەھید عەمید ئەسكەندەر گەردی، فەرماندەی لیوای 3ی كۆماندۆی فەرماندەیی پێشمەرگە لە وڵاتی ئوردنەوە گەڕێندرایەوە ھەرێمی كوردستان، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر رێوڕەسمێكی سەربازی بۆ پێشوازیكردن لە تەرمی ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە رێكخرا.

رۆژی 9/5/2019 عەمید ئەسكەندەر گەردی لە كاتی مەشق و راھێنان لە فێرگەیەكی تایبەتی ھێزی پێشمەرگە برینداربوو، دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ھەولێر، بۆ چارەسەر رەوانەی وڵاتی ئوردن كرا، بەڵام بەھۆی سەختی برینەكەیەوە ئێوارەی دوێنێ 12/5/2019 گیانی لەدەستدا.

بەگوتەی ھاوسەنگەر و كەسە نزیكەكانی، عەمید ئەسکەندەر گەردی یەکێک بوو لە فەرماندە بوێر و قارەمانەکانی پێشمەرگە و فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی کە لەمیانەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی خاکی کوردستان رۆڵی کاریگەر و بەرچاوی هەبوو.

عەدنان گەردی، ئامۆزای شەھید عەمید ئەسكەندەر بە كوردستان24ی راگەیاندووه‌: “دوای رێوڕەسمی سەربازی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر تەرمی عەمید ئەسكەندەر گەردی لە گوندی گرد عارەبی دەوروبەری ھەولێر بە خاكدەسپێردرێ و پرسەكەشی لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە شاری ھەولێر دەبێت”.

Back to top button