نێچیرڤان بارزانی هەفتەی داهاتوو دەبێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دەڵێ، لە ئایندەیەكی نزیكدا نێچیرڤان بارزانی، وەك تاكە بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سیڤی خۆی پێشكەش بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات.
هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەبێتە رووداوێكی چاوەڕوانكراوی هەفتەی داهاتوو. بەو پێیەی هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی دانوستاندنەكانەوە پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، ناوی بەربژێرانی خۆی بۆ پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم و حكومەت و جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئاشكرا كرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی (خواكوڕك) لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، لەنێوان كۆمەڵ و یەكگرتوو و حیزبی شیوعی كە دوو لایەنەكەی دیكەیان ئۆپۆزیسیۆنن، گفتوگۆ هەبووە بۆ ئەوەی ئەو سێ لایەنە لەسەر بەربژێرێك بۆ سەرۆكی هەرێم رێكبكەون. ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: هەرسێ لایەن بۆچوونی هاوبەشیان ئەوەیە ئەگەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لەسەر كاندیدێك نەگەنە رێككەوتن، ئەوە دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی نادەن و بەوەش بارزانی دەبێتە كاندیدی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و پێكهاتەكان.
بەڵام یەكگرتووی ئیسلامی لەوبارەیەوە هەڵوێستی خۆی ئاشكرا كردووه و رایگەیاند نە بەربژێرمان دەبێت و نە دەنگیشی پێدەدەین”. سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی گوتی: “ئێمە بڕیارمانداوە ئۆپۆزیسیۆن بین و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش لوتكەی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە. هەر بۆیە نە كاندیدمان دەبێت و نە دەنگیشی پێدەدەین.
هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دەڵێ: پێناچێت هیچ لایەنێكی دیكە بەربژێری هەبێت لە بەرامبەر نێچیرڤان بارزانی، چونكە سێ لایەن رێككەوتنیان هەیە و هەركەس خۆی بەربژێر بكات، وەك ئەوەیە بچێتە نێو ململانێیەكەوە كە دیارە ئەنجامەكەی چییە.
گوتیشی: لە هەردوو ئەگەری هەبوون و نەبوونی بەربژێری دیكە، هەفتەی داهاتوو نێچیرڤان بارزانی هەڵدەبژێردرێت.
پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێ: ئەگەر دەنگدان بە نهێنی بووایە رەنگە هەندێك پەرلەمانتار بۆچوونی دیكەیان هەبووایە، بەڵام پەرلەمانتاران پەیوەستن بە رێككەوتنی حیزبەكانیانەوە و چاوەڕوان دەكرێ ئەنجامی دەنگدانەكە بەو شێوەیە بێت.