د. سامی جهلال: سەرۆكی حكوومەت بۆ لابردنی پاڵاوگەكان ٢٠٠ ملیۆنی دابین كردووە
سەرۆكی لیژنەی لابردن و داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان رایگەیاند، سەرۆكی حكوومەت وەك قۆناغی یەكەم ٢٠٠ ملیۆن دیناری بۆ داخستن و لابردنی پاڵاوگە نایاساییەكان دابین كردووە، بۆیە چاوەڕێی وەزارەتی دارایین پارەكە خەرج بكات و دەست بە لابردنیان بكەن.
د. سامی جەلال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووه: “بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، سەرجەم پاڵاوگە نایاسییەكان نەك تەنھا دادەخرێن، بەڵكوو سەرجەمیان لە رییشەوە ھەڵدەگیرێن، بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە و لە ئێستاشدا لە ھەرێمی كوردستان ١٦٤ پاڵاوگەی نایاسایی ھەن، كە سەرجەمیان دادەخرێن و لادەبرێن، بەڵام ھەر لە ئێستاوە ژمارەیەكی زۆر لەوانە خۆیان دایانخستووە و ئێمەش دەمانەوێت بە تەواوی لایانبەرین”.
سەرۆكی لیژنەی لابردن و داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان گوتیشی: “بۆ ئەوەی دەست بە ھەڵمەتی لابردنی پاڵاوگەكان بكەین، پێویستمان بە بودجەیەك ھەبوو و داواكاریمان پێشكەشی حكوومەت كرد و لە ئێستادا سەرۆكی حكوومەت وەك قۆناغی یەكەم ٢٠٠ ملیۆن دیناری بۆ دابین كردووین، ئێمەش چاوەڕێ دەكەین وەزارەتی دارایی پارەكە خەرج بكات و دەستبەكار بین، بۆیە لە نزیكترین كاتدا دەست بە لابردنیان دەكەین”.