سۆسیالیست: بەشداری كابینەی نوێ دەكەین و پارتی وەزارەتێكی پیداوین

وته‌بێژی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، له‌ دوواین كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی حیزبه‌كه‌یاندا پێشنیاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ به‌شداریی سۆسیالیست له‌ حكوومه‌ت و وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاری په‌سه‌ند كرا و بڕیار درا به‌شداریی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سروور بارزانی بكه‌ن.

به‌ختیار كه‌ریم گوته‌بێژی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: “حیزبی سیۆسیالیست پێشنیاری پارتی بۆ به‌شداری له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی په‌سه‌ند كردووه‌ و له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا به‌شداری ده‌كه‌ین”.

حیزبی سۆسیالیست له‌ دوواین هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ 30-9-2018، ته‌نیا یه‌ك كورسیی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست هێنا، به‌رپرسانی باڵای ئه‌و حیزبه‌ ده‌ڵێن، پارتی به‌ قه‌باره‌ی كورسی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سۆسیالیست ناكات، خه‌باتی شاخ و به‌رگری له‌ كوردستان له‌ شەڕی داعش و پشتیوانی بۆ ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی به ‌پێوه‌ر داده‌نێت.

له‌باره‌ی ئەوەی کە چ وه‌زاره‌تێكییان پێ ده‌درێت، به‌ختیار كه‌ریم گوتی: “پارتی پێشنیاری پۆستی وه‌زاره‌تی خزمه‌تگوزاریی بۆ ئێمه‌ كردووه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌ته‌كه‌ تا ئێستا دیاری نه‌كراوه‌، ماوه‌ته‌وه‌ بۆ كاتی سه‌ردانی ڕاسپێردراوی پێكهێنه‌ری حكوومه‌ت، به‌ڕێز كاك مه‌سروور بارزانی بۆ لامان، ئه‌وكات ناوی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌مان پێ ده‌درێت، كه‌ وه‌ری ده‌گرین”.

پارتی دیموكراتی كوردستان خاوه‌نی 45 كورسیی په‌رله‌مانییه‌، پێكهێنه‌ری كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمه و‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕێكکه‌وتنی واژۆ كردووه‌، تایبه‌ت به ‌به‌شدارییان له‌ كابینه‌ی 9ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ‌سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سروور بارزانی.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی کە جگه‌ له‌ پۆستی وه‌زاری، سۆسیالیست پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان وه‌رده‌گرێت، به‌ختیار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد: “ئێمه‌ حه‌قی خۆمانه‌ به‌شداری له‌ حكوومه‌تدا بكه‌ین له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان و ڕاوێژكار، به‌ڵام ئه‌وانه‌ ماوه‌ته‌وه‌ بۆ گفتوگۆی ئاینده‌ی حیزب له‌گه‌ڵ وه‌فدی دانوستانكاری پێكهێنه‌رانی حكوومه‌ت”.

وته‌بێژی حیزبی سۆسیالیست گوتی: “ئێمه‌ وه‌ك سۆسیالیست پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی حیزبه‌كان باشه،‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ندێك حیزبی سیاسی خاڵی هاوبه‌شمان زیاتره‌، لەوانەش‌ له‌گه‌ڵ پارتی خاڵی هاوبه‌شمان زۆره‌”.

Back to top button