سیروان بارزانی: مەترسیەكانی داعش بە كۆنترۆلكردنەوەی چیایی قەرەچۆغ كوتایی دێت

ئەمڕۆ سێشەممە 14/05/2019، چەکدارانی داعش لە گوندی عەلی رەش لە سنووری مەخموور، دەستیان بە سووتاندنی چەند زەوییەکی کشتووکاڵیی کوردەکانی ئەو ناوچانە کرد و زیانیان بە دەغڵ و دانی گوندەکانی ئەو سنوورە گەیاند.
لە لێدوانێکیدا، سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری مەخموور – گوێری هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند: “پێش سێ رۆژ، داعش گەنمی جووتیارانی ئەو ناوچانەی سووتاندووە و داوای سەرانەیان کردووە، ئەمە جیا لەوەی کوشتن و تۆقاندیان بڵاو کردووەتەوە”.
راشیگەیاند: “ئەمڕۆ جارێکی دیکە داعش دەستی کردەوە بە سووتاندنی ئەو زەوییە کشتووکاڵییانەی سێ رۆژ لەمەوبەر نەیانسووتاندبوون”.
ئاماژەی بەوەش دا: “ئەگەر ئۆپەراسیۆن نەکرێت و چیای قەرەچووخ لەو چەکدارانە پاک نەکرێتەوە، ئەو هێرشانە بەردەوام دەبن، بۆ ئەوەش داوامان لە بەغدا کردووە هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن”.
لەبارەی بە عەرەبکردنی گوندی پەلکانە، کە ئەمڕۆ هەڵمەتەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە لایەن عەرەبی هاوردە و بەشێک لە هێزە عێراقییەکان دەستی پێ کردووە، سیروان بارزانی گوتی: “کارەکە مەترسییدارە، بەتایبەت کە ئێستا پەیوەندییه‌كانی هەرێم و بەغدا باشن، دەبێت حکوومەتی هەرێم و پەرلەمان لەو بارەیەوە بڕیار بدەن و هەنگاوی پێویست بنێن”.

Back to top button